لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە دیالە 3 کەس گیانیان لەدەستدا

دیمەنی دوای رووداوەکە.
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا پاسێک لە پارێزگای دیالە گڕی گرت و لە ئەنجامدا 3 کەس گیانیان لەدەستدا و 7ی دیکە برینداربوون.
 
رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 25-01-2025، لە رێگەی سەرەکی نزیک لە وێستگەی گازیی مەنسوورییە لە سنووری پارێزگای دیالە روویدا.
 
مینی پاسێک کە کارمەندانی وێستگەکەی دەگواستەوە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە جۆری سەنتافی پێکیاندادا و لە ئەنجامدا مینی پاسەکە گڕی گرت. 
 
وێستگەی گازیی مەنسوورییە دەکەوێتە قەزای مەنسوورییە لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە.
 
عەمید مونعیم حەمادی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رووداوەکەدا 3 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7ی دیکە برینداربوون؛ برینی بەشێکیان سەختە.
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دیالە گوتی، سەرەتا تیمی بەرگریی شارستانیی وێستگەی گازی مەنسوورییە گەیشتوونەتە شوێنەکە و دواتر تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دیالە گەیشتوون و ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە.