وەزارەتی دەرەوەی عێراق: لەگەڵ ئەمریکا لەسەر کۆتاییهێنان بە کاری راوێژکارانی هاوپەیمانان رێککەوتووین

25-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا راگەیاند کە ئەرکەکەی دانانی خشتەیەکی کاتی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بە پابەندبوون بە پابەندییە نیشتمانییەکان و هاوشانبوون لەگەڵ زیادبوونی توانا و شارەزایی هێزەکانمان، حکومەتی عێراق بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت سەرجەم گەڕەکانی دانوستاندنی نێوان هەردوولا کە لە ئابی 2023 دەستیانپێکرد، سەرکەوتوو بوون."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازی بۆ هەڵسەنگاندنی هەڕەشەکانی داعش و مەترسییەکانی ئەو رێکخراوە پەڕگیرە و تۆکمەکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق کراوە و تێیدا هاتووە، ئەرکی ئەو لیژنەیە دانانی خشتەیەکی کاتیی روون و دیاریکراو تایبەت بە مانەوەی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەبێت و لەسەر ئەو بنچینەیەش دەست بە کەمکردنەوەی قۆناخ بە قۆناخی راوێژکاران لە عێراق و کۆتاییهێنانی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی دژی داعش دەکرێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، "دەست دەکرێت بە پەیوەندیی دووقۆڵیی گشتگیر لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان. پەیوەندییەکە سیاسی، ئابووری، کولتووری، ئەمنی و سەربازی دەبێت بە جۆرێک لەگەڵ تێڕوانینی حکومەتی عێراق بگونجێت، بەتایبەت رێککەوتننامەی ستراتیژی کە گشت پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا رێکدەخات؛ رۆڵیشی دەبێت لە تۆکمەکردنی رۆڵی هەرێمی و نێودەوڵەتیی عێراق."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بەغدا و واشنتن پشتیوانی کارەکانی لیژنەکە دەکەن و کارەکانیشی ئاسان دەکەن و دەشڵێت، "عێراق پابەندبوونی بە سەلامەتیی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەماوەی وتوێژەکاندا لەهەموو وڵات دووپات دەکاتەوە. عێراق پارێزگاری لە سەقامگیری دەکات و رێگە لە زیادکردنی گرژییەکان دەگرێت."
 
راگەیێندراوەکە لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتەکە رایگەیاند، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەتەوە و نامەیەکی "گرنگ"ی لێ وەرگرتووە کە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بۆ حکومەتی عێراق نێردراوە.
 
پێدانی ئەو نامەیە لەکاتێکدایە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن لە 17-10-2023ـەوە زیاتر لە 140 جار هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا. ئەمریکاش چەندینجار گرووپە چەکدارەکانی لەنێو عێراق، سنووری عێراق و سووریا و نێو سووریاش بۆردوومان کردووە. ئەو گرووپانە دەڵێن، هێرشەکانیان لە بەرامبەر پاڵپشتیکردنی ئەمریکایە لە ئیسرائیل.
 
بەهۆی ئەو هێرش و گرژییانەشەوە بەشێکی زۆری هێزە شیعەکان داوا دەکەن هێزە بیانییەکان لە عێراق بچنە دەرەوە و چەند جارێک محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش باسی لەوە کردووە، بەم نزیکانە لە رێگەی لیژنەیەکی دووقۆڵییەوە گفتوگۆ بۆ دانانی خشتەی تایبەت بەو بابەتە دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت