وەزیری بەرگریی ئەمریکا: خشتەیەکی کاتی بۆ گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دادەنرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن و بەغدا "لە چەند رۆژی داهاتوودا" دەست بە کۆبوونەوەکانی لیژنەی هاوبەشی نێوانیان دەکەن. عێراق دەڵێت، ئامانج لەو گفتوگۆیانە دانانی خشتەی کات و قۆناخەکانی کشانەوەی هێزە بیانییەکانە لە عێراق، بەڵام وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ئەوە "هەنگاونانە بۆ قۆناخی پەیوەندیێکی ئەمنیی دووقۆڵیی درێژخایەن لە نێوان عێراق و ئەمریکا."
بە گوێرەی ئەو راگەیێندراوەی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، دیاریکردنی کاتی گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا بە بڕیارێکی سادە نابێت، بەڵکو بە چەند قۆناخێک دەبێت و بەند دەبێت لەسەر سێ بنەما کە بریتین لە قەبارەی "هەڕەشەی داعش، هەلومەرجی کارکردن و ژینگەیی، ئاستی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق."
ئۆستن دەڵێت، "گرووپی پسپۆڕانی سەربازی و شارەزایانی بەرگری لێکۆڵینەوە لەو سێ بنەمایە دەکەن و راوێژ بە لیژنەی باڵای سەربازیی هاوبەش دەدەن بۆ هەڵبژاردنی باشترین شێوازی گۆڕانی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە داعش هەرگیز سەرهەڵناداتەوە."
بە گوێرەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە "هەموو قۆناخەکانی" گفتوگۆی لیژنەکەدا، راوێژ بە وڵاتانی نێو هاوپەیمانییەکە دەکرێت.
ئۆستن گۆڕانی پەیوەندییە سەربازییەکە بە "هەنگاونان بۆ قۆناخی پەیوەندییەکی ئەمنیی دووقۆڵیی درێژخایەن لە نێوان عێراق و ئەمریکا" ناودەبات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەغدا ئامانجییەتی "خشتەیەکی ورد و روون بۆ دیاریکردنی ماوەی مانەوەی راوێژکارەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دابنێت" تاوەکو هاوپەیمانییەکە "دەست بە کشانەوەی بە قۆناخ و بە مەبەستی راوێژکارەکانی لە خاکی عێراق بکات."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لەو کارە کۆتاییهێنانە بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و هەروەها "هەنگاوێکە بەرەو پەیوەندیی دووقۆڵیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ وڵاتانی نێو هاوپەیمانییەکە."
بە گوێرەی وەزارەتەکە، عێراق پابەندە بە دڵنیاییدان لە "سەلامەتیی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەموو ناوچەکانی وڵات لەو ماوەیەدا کە گفتوگۆکانی تێدا دەکرێت"؛ هەروەها پابەندە بە "پاراستنی سەقامگیری و رێگریکردن لە گرژییەکان."
دوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی ساڵی 2011دا، هەزاران سەربازی ئەمریکی لە ساڵی 2014 گەڕانەوە عێراق بۆ یارمەتیدانی وڵاتەکە لە شەڕی دژی داعش و بەرەوپێشبردنی توانای هێزە ئەمنییەکان.
بەڵام ئەو هێزانە چەندین جار کەوتوونەتە بەر هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و ئێستاش بەشی زۆری هێزە شیعییەکان داوا دەکەن بکشێنەوە.
ساڵی 2020یش دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، پەرلەمانی عێراق داوای کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکانی کرد.
ئێستا لە دوای جەنگی غەززەوە، بابەتەکە جارێکی دیکە هاتووەتەوە بەرباس.
لە 17ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراقی لایەنگری ئێران کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن، لانیکەم 150 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا. گرووپەکە دەڵێت، ئەوە لە تۆڵەی پشتیوانیکردنی ئەمریکایە بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.
ئەمریکا دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی و هاوپەیمانەکانیشی 500 راوێژکاری سەربازییان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە. بەهۆی ئەو هێرشانەوە، ژمارەیەکیان بە سووکی بریندار بوون.
لە بەرامبەر ئەوەدا، ئەمریکا ژمارەیەک هێرشی کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکان. بەرپرسانی عێراقی گلەیی ئەوە دەکەن کە ئەو هێرشانە پێشێلکارین بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق.
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم مانگە لە کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا گوتی، هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق نەماوە و سوپای عێراق دەتوانێت رووبەڕووی شانە ماوەکانی داعش بێتەوە.
سوودانی گوتی، "ئێمە وڵاتێکی خاوەن سەروەرین؛ بۆیە شتێکی سرووشتییە کە ئەم هەڵوێستە پێشانبدەین. ئەمە داواکاریی خەڵکە."
بەرپرسێکی عێراقی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای ئەمریکی گوتووە، تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، حکومەتی عێراق بە نامەیەکی فەرمی داوای لە کۆشکی سپی کردووە هێزەکانی بکشێنێتەوە.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەرپرسانی عێراقی و ئەمریکی لەسەر وادەی کشانەوەکە ناکۆکن، بە جۆرێک کە ئەمریکییەکان پێشنیاز دەکەن لە ماوەی دوو بۆ پێنج ساڵدا کشانەوەکە تەواو بێت و عێراقییەکانیش داوای کشانەوەیەکی زووتر دەکەن.
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، بەغدا و واشنتن "چەندین مانگە گفتوگۆ لەسەر کشانەوەی هێزەکان دەکەن و گفتوگۆکانی ئەمجارە پەیوەندییان بە هێرشەکانەوە نییە"؛ هەروەها باسی لەوە کردووە، لە ماوەی گفتوگۆکاندا "ئەمریکا هەموو مافێکی بۆ بەرگریلەخۆکردن دەبێت."