لە بەغدا بەتۆمەتى بانگەشەکردن بۆ بەعس دەست بەسەر کتێبخانەیەکدا گیرا

25-01-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن بەعس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیی عێراق لە بەغدا دەستی بەسەر کتێبخانەیەکدا گرت و خاوەنەکەشی دەستگیرکرد بەتۆمەتى ئەوەى بانگەشەى بۆ حیزبى بەعس کردووە، کتێبخانەکەی کتێب و دەفەرى تێدابووە، کە وێنەى سەدام حوسێنیان لەسەر بووە. 
 
رۆژی 24ـی کانوونى دووەمى 2024، دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیی عێراق رایگەیاند، ئەو کتێبخانەیەیەى دەستیان بەسەردا گرتووە، لە مۆڵێکى بازرگانیی ناوەندى بەغداى پایتەخت بووە.
 
بەگوتەى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیی عێراق، لەو کتێبیخانەیەدا دەستیان بەسەر 40 کتێب و 20 دەفتەردا گرتووە، کە وێنەى سەدام حوسێن، سەرۆکى پێشووی حیزبى بەعسیان لەسەر بووە، خاوەنى کتێبخانەکەش دەستگیرکراوە و دۆسیەکەى رەوانەى دادگە کراوە.
 
ئەو دەزگایە ئاماژەى بەوەش داوە، کەسێکى دیکەیان دەستگیرکردووە، کە لە ئاهەنگەکانى سەرى ساڵى 2024 ستایشى رژێمى پێشووى حیزبى بەعسی کردووە.
 
بەگوێرەى مادەى نۆى یاسای قەدەخەکردنى حیزبى بەعس، قەوارە، پارت و چالاکییە رەگەزپەرستی، تیرۆریستى و تەکفیرییەکانى ساڵى 2016، هەر کەسێک بانگەشە بۆ حیزبى بەعسى قەدەخەکراو بکات، سزاکەى بەندکردنە بەو مەرجەى ماوەکەى لە شەش ساڵ کەمتر نەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە