وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: لەگەڵ عێراق لە بارەی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گفتوگۆ دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیێتی نێودەوڵەتی گفتوگۆ دەکەن؛ لە چەند بابەتێکی جیاواز لەگەڵ حکومەتی عێراق هاوئاهەنگیان هەیە و یەکێک لەو بوارانەش ئاسایشە.
 
24ی کانوونی دووەمی 2024، گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ حکومەتی عێراق لە پرۆسەیەکی هاوبەشداین بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمایێی نێودەوڵەتی". گوتیشی، "ئەو هێزانە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و دەیانەوێت دڵنیابنەوە کە داعش هەرگیز سەرهەڵناداتەوە".
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، "پەیوەندییە هەمەلایەنەکانمان لەگەڵ عێراق بەرز دەنرخێنین کە لە چەند بابەتێکی جیاوازدا لە هاوئاهەنگیداین، لەوانەش بابەتی ئاسایش. لەدوای 10 ساڵ، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە هاوبەشیکردن لەگەڵ هێزەکانی عێراق بۆ تێکشکاندنی داعش."
 
لەلایەکی دیکە، لەبارەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، چوار سەرچاوە بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاند، عێراق و ئەمریکا دەست بە گفتوگۆی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق دەکەن و مەرجی یەکەمی ئەمریکاش بۆ جێبەجێکردنی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق، وەستانی هێرشی میلیشیاکانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا."
 
دوو لەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردووە، بەرپرسانی ئەمریکا لە رێگەی نامەیەکەوە، کە ئالینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقی داوە ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان دەربڕیوە. 
 
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و نامەیەکی گرنگی لێ وەرگرت کە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بۆ حکومەتی ناوەندیی عێراق نێردراوە. بەبێ ئەوەی هیچ لەبارەی ناوەڕۆک و وردەکاریی نامەکە بڵاوبکاتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو کە "وەزیری دەرەوە نامەیەکی گرنگیی حکومەتی ئەمریکای لە باڵیۆزی ئەمریکا وەرگرت، کە دەدرێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەتمەند، بەمنزیکانە هەنگاوەکان لەبارەیانەوە دەگیرێتەبەر."
 
پێدانی ئەو نامەیە لەکاتێکدایە لەدوای هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن زیاتر لە 140 جار هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
 
بەهۆی ئەو هێرش و گرژییانەشەوە لەنێوخۆی عێراق، شیعە داوا دەکەن هێزە بیانییەکان لە عێراق بچنە دەرەوە و چەند جارێک محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کردووە؛ لەرێگەی لیژنەیەکی دووقۆڵییەوە بەمنزیکانە گفتوگۆ بۆ دانانی خشتەی تایبەت بەو بابەتە دەکرێت.
 
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2014 لەسەر داوای حکومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاتوونەتە عێراق.
 
هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکە 86 ئەندامی هەیە، لە ساڵی 2021ـەوە ئەرکی شەڕکردنی نەماوە و گۆڕاوە بۆ راهێنان و راوێژدان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان. 
 
لەو چوارچێوەیەدا دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکا و 500ـی 20 وڵاتی دیکەی نێو هاوپەیمانییەکە، لە چوار شوێن جێگیرکراون کە ئەوانیش دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق، بنکەی یونیەن سێ لە ناوچەی سەوزی بەغدا و ناوەندی پشتیوانیی دیپلۆماسیی لە فڕۆکەخانەی بەغدا.