چوارچێوەی هاوئاهەنگی: جەخت لە دانانی خشتەیەکی کاتی بۆ کەمکردنەوەی راوێژکارانی سەربازی دەکەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشوازی لە راگەیێندراوی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا تایبەت بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەکات و داواش لەو هێزانە دەکات کە بە"کاریگەر" ناویان دەبات، دەرفەت بە دانووستاندن بدەن و کار نەکەنە سەر دیالۆگە دوو قۆڵییەکە.
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەمڕۆ پێنجشەممە، راگەیێندراوێکی لەبارەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا تایبەت بە دانوستانەکان بۆ دیاریکردنی ئەرکی لەمەودوای هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بڵاوکردەوە.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆر بەرز هەڵدەسەنگێنێت، دەستخۆشی لەو هەوڵە گەورەیەش دەکەین کە لەلایەن هێزە نیشتمانییەکانەوە دران لەسەروویانەوە حکومەت بۆ ئەوەی دەست بە وتوێژ لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بکرێت و دووبارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دابڕێژێتەوە بەو شێوەیەی مافەکانی عێراق و سەروەرەییەکەی بپارێزێت."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە سەرجەم هێزەکانی شیعە بێ رەوتی سەدر پێکیدەهێنن و لایەنی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەتی عێراقە دەشڵێت، "جەخت لە پێویستیی دانانی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو و روون بۆ ماوەی مانەوەی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و دەستکردن بە کەمکردنەوەی ژمارەی راوێژکارانی لە عێراق دەکەینەوە."
 
هاوپەیمانێتییەکە جگە لەوەی پشتیوانی گواستنەوەی پەیوەندییەکان بۆ پەیوەندیی دوو قۆڵیی گشتگیر لەگەڵ وڵاتانی نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش دووپاتکردووەتەوە، دەستخۆشی لە حکومەتی عێراقیش دەکات کە لە کارنامەکەیدا پابەندبوونی خۆی بە دەستکردن بە وتوێژ لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە خۆگرتووە.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "متمانەی تەواومان بە دەزگا ئەمنییەکانمان بە هەموو پێکهاتە و ناوەکانییانەوە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق هەیە و داوا لە هەموو هێزە کاریگەرەکان دەکەین ئەم دەستکەوتە بقۆزنەوە و دەرفەت بدەن بە دانوستاندنکاری عێراقی و کاریگەری نەخەنە سەر کەشی دیالۆگی دوو قۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان."
 
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، وەزارەتەکانی دەرەوەی عێراق و بەرگریی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڵاویانکردەوە، لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لە حکومەتی هەردوو وڵات پێکهاتووە ئەو لیژنە هاوبەشە، تایبەتە بە گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەغدا ئامانجییەتی "خشتەیەکی ورد و روون بۆ دیاریکردنی ماوەی مانەوەی راوێژکارەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دابنێت" تاوەکو هاوپەیمانییەکە "دەست بە کشانەوەی بە قۆناخ و بە مەبەستی راوێژکارەکانی لە عێراق بکات."
 
بە گوێرەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە "هەموو قۆناخەکانی" گفتوگۆی لیژنەکەدا، راوێژ بە وڵاتانی نێو هاوپەیمانییەکە دەکرێت".