باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: پابەندین بە ئاسایشی ناوچەکە و سەروەریی عێراقەوە

25-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پێشوازی لە دەستپێکردنی کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و وڵاتەکەی کرد و دەڵێت، "گواستنەوە بۆ هاوبەشییەکی ئەمنیی بەردەوام گرنگە". بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆنیش دەڵێت، لیژنەکە باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکات. 
 
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی راگەیێندراوی وەزارەتەکانی دەرەوەی عێراق و بەرگریی ئەمریکا تایبەت بە کار و مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق گوتی، "پێشوازی لە دەستپێکردنی کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکی - عێراقی دەکەم."
 
ئەلینا رۆمانۆوسکی دەشڵێت، "پێکهێنانی ئەو لیژنەیە لە ئەنجامی وتوێژە دووقۆڵییەکانی رابردوو و ئەو سەرکەوتنانەوەیە کە عێراق بە هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین بەسەر داعشدا بەدیهێناوە."
 
باڵیۆزی ئەمریکا لە پۆستەکەیدا کە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی شەیر کردووە، سەبارەت بە قۆناخی نوێی پەیوەندی نێوان واشنتن و بەغدا دەڵێت، "گواستنەوە بۆ هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵیی بەردەوام بابەتێکی گرنگە بۆ جەختکردنەوە لە پابەندبوونی بەردەواممان بە پشتیوانیکردنی ئاسایشی ناوچەکە و سەروەرەیی عێراقەوە."
 
هاوکات بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن لە ڤێرجینیا بە پەیامنێرانی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکادا باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ناکرێت.
 
ئەو بەرپرسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە پەیامنێرانی راگەیاند، "کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکی و عێراقی بۆ دانوستاندن لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نییە. ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق بۆ شەڕی دژی داعش لە عێراقن."
 
لەو گفتوگۆیەدا لەگەڵ پەیامنێران کە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی واشنتنیش ئامادە بوو، بەرپرسەکەی پێنتاگۆن گوتی، "هاوبەشە عێراقییەکانمان لە پابەندبوونی خۆیان دڵنیایان کردووینەتەوە بەوەی کە لەگەڵمان کاردەکەن بۆ دیاریکردنی بوونی پێگەی سەربازییانەی ئەمریکا لە داهاتوودا و دڵنیاییبوونەوە لە تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە دوو راگەیێندراوی جیادا باسی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی عێراق و ئەمریکایان کرد ئەو لیژنە هاوبەشە تایبەتە بە گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی"
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی، بەغدا ئامانجییەتی "خشتەیەکی ورد و روون بۆ دیاریکردنی ماوەی مانەوەی راوێژکارەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دابنێت" تاوەکو هاوپەیمانییەکە "دەست بە کشانەوەی بە قۆناخ و بە مەبەستی راوێژکارەکانی لە عێراق بکات."

 

بە گوێرەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە "هەموو قۆناخەکانی" گفتوگۆی لیژنەکەدا، راوێژ بە وڵاتانی نێو هاوپەیمانییەکە دەکرێت".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت