حەیدەر عەبادی دەستپێشخەرییەک بۆ راگرتنی پێکدادانی ئەمریکا و میلیشیاکان رادەگەیێنێت

25-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاوپەیمانیی نەسر دەستپێشخەرییەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارە شیعەکان کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن و هێزەکانی هاوپەیمانان دەخاتەڕوو و داوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو دەکات.
 
هەروەها داوای بەتاوانناساندنی بە ئامانجکردنی نێردە دیبلۆماسیی یان راوێژکاری یان ئابوورییەکانی بیانی دەکات کە بە یاسایی لە عێراقن.
 
هاوپەیمانیی نەسر کە لەلایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراقەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بەبێ ئەوەی باسی هەڵوەشاندنەوە یان هێشتنەوەی چەک بەتەنیا لەدەستی دەوڵەت بکات، دەستپێشخەرییەکی بەناوی" راگرتنی پێکدادان" بڵاوکردەوە کە مەبەست لێی زیاتر ئەو هێرشانەیە هێزەکانی ئەمریکا دەیکەنە سەر بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق.
 
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامی تووندی ئیسرائیل بۆ هێرشەکە، پەیدا بووە، لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
 
هاوپەیمانیی نەسر داوا دەکات، عێراق لەرووی سەربازی و ئەمنی لە ناکۆکییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بێلایەن بێت، کە هیچ بەرژەوەندییەکی عێراقیان تێدا نییە.
 
ئەو دەستپێشخەرییەی هاوپەیمانییەکە دوای هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر چەکدارانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە بابل و ئەنبار دێت، کە خۆیان بە بەشێک لە مقاوەمەی ئیسلامی شیعە دادەنێن. 
 
لەدوای هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن، مقاوەمەی ئیسلامی زیاتر لە 140 جار هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
 
ئەو گرووپە میلیشیایانەی شیعە لەسەر خاکی عێراقەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، سووریا، بنکەکانی ئەمریکا لە پارێزگای ئەنبار، هەروەها هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیلیش، بەبێ ئەوەی هیچ ملکەچی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق و رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ببن، هەرچەندە بەشێکیان لەنێو حەشدی شەعبیدان و پارە لە حکومەتی عێراق وەردەگرن.
 
بەهۆی ئەو هێرش و گرژییانەشەوە لە نێوخۆی عێراق شیعەکان داوا دەکەن هێزەکانی بیانی لە عێراق بچنە دەرەوە و چەند جارێک محەممەد شیاع سوودانیش باسی لەوەکردووە، لە رێگەی لیژنەیەکی دوو قۆڵییەوە بەمنزیکانە وتوێژ بۆ دانانی خشتەی تایبەت بەو بابەتە دەکرێت.
 
 دوێنێ چوارشەممە، دوای کۆبووونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە نامەیەکی گرنگی لە حکومەتی ئەمریکا وەرگرتووە و بەمنزیکانە بە هەنگاوەکان وەڵامدەدەرێتەوە دوای ئەوەی نامەکە دەدرێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت