شاندێکی بەغدا سەردانی دەروازەی سەیرانبەن و کێلێ دەکات

رووداو - سەیرانبەن

شاندێک کە پێکهاتبوو لە نوێنەری 10 وەزارەتی حکومەتی عێراق، سەردانی پارێزگای سلێمانییان کرد بۆ بەنێودەوڵەتێکردنی ھەردوو دەروازەی سنووری سەیرانبەن و کێلێ، ھاتنی شاندەکەش بۆ ئەو ناوچەیە، بووەتە ھەواڵی گەرمی شۆفێران و کاسبکاران.

حەیدەر عومەر، کرێکارە و دەڵێ "ئەگەر ئەم مەرزە بکرێتەوە، کۆمەڵێک ھەژار سوودی لێدەبینن، ئەگەر نەکرێتەوە، ئەم ناوچەیە دەبێتە چۆڵەوانی".

سۆران عەزیز، شۆفێرە و هیواخوازە مەرزەکە بکرێتەوە، دەڵێ "ئێرە بارێکی زۆری تێدایە، ھیوادارین ئەم مەرزە بکرێتەوە، ئەوەی کێشەیە بۆ ئێمە، کردنەوەیەتی بەفەرمی و ھیوادارم ئەنجامێکی باشی ھەبێت".

ھەرچەندە لەرابردوودا مامەڵەی بازرگانی و ھاتووچۆ لەنێو ئەم دەروازە سنوورییەدا ھەبووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی بەفەرمی نەناسێنراوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێیدا سنوورداربووە.

دلێر فەرەج، سەرپەرشتیاری دەروازەی سنووری سەیرانبەن دەڵێ "مەرزی سەیرانبەن ماوەی پێنج، شەش ساڵە ئیشی لەسەر دەکرێت بۆئەوەی بکرێتە مەرزی نێودەوڵەتی، ھاوشێوەی مەرزی باشماخ. کردنەوەی ئەم مەرزە دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگایەکی نوێی ئابووری بە رووی ھەرێمی کوردستان و عێراق".

ئەو شاندەی بەغدا ناردوویەتییە ھەرێمی کوردستان، تەنیا دەسەڵاتی ھەڵسەنگاندن و بەرزکردنەوەی راپۆرتیان ھەیە بۆ حکومەت. دواجار بڕیاری کۆتایی لای حکومەتە لە ناساندنی وەک دەروازەیەکی نێودەوڵەتی.

شاکر جبووری، سەرۆکی شاندەکە رایگەیاند "لیژنەکەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی دەروازەکە ھاتووە، تاوەکو لەڕووی ژێرخانی ئابووری، گومرگ و سەرجەم لایەنەکانەوە ئاگاداربین، لەپێناو بەرزکردنەوەی داھات، دواتر راپۆرتێک بەرزدەکەینەوە بۆ لیژنەی باڵا و بڕیاریش لای حکومەتی ناوەندییە، من زۆر گەشبینم کە سەرجەم کێشەکانی دیکەش چارەسەر دەبن، بەتایبەت فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکان".

رۆژانە لە دەروازەی سەیرانبەنەوە نزیکەی 300 ئۆتۆمبێل شمەک ھاوردە دەکرێت، هەروەها نزیکەی 300 کرێکار لەم دەوازەدا کاردەکەن و بە بەنێودەوڵەتیکردنیشی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و، ھەلی کار تێیدا زیاد دەکات.


پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار