دادگەی فیدراڵی سکاڵاکانی تایبەت بە مووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستانی دواخست

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق هەردوو دوو سکاڵای تایبەت بە "پێدانی مووچە لە وادەی خۆی" و "دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە"ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ 21ـی مانگی داهاتوو دواخست، داواشیکرد لایەنی سێیەم لە دانیشتنی داهاتووی دادگەکە ئامادەبێت.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 24-12-2023) دادگەی فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی چوار سکاڵا کۆبووەوە، سکاڵاکان پەیوەندیدارن بە فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان، سکاڵاکاران لە سکاڵایەکیاندا داوای پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو کە لە ساڵی 2015ـەوە راگیراوە، سکاڵای دووەمیش تایبەتە بە پابەندکردنی حکومەت بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا.
 
دادگەکە هەردوو سکاڵاکەی بۆ رۆژی یەکشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 دواخست.

 

ئاوات ئازاد، یەکێک لەو کەسانەی سکاڵایەکی تایبەت بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستان تۆمار کردووە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دادگەی فیدراڵی دوایکرد بۆ دانیشتنی داهاتوو، نوێنەرێکی وەزارەتی دارایی عێراق ئامادە بێت و ئەو زانیارییانەیان بداتێ و بۆیان روونبکاتەوە، چونکە بابەتەکە پێویستی بە روونکردنەوەی ئەوانیش هەیە، بۆیە دادگە دانیشتنەکەی بۆ مانگی داهاتوو دواخست."
 
ئەو سکاڵایەی تایبەتە بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، لەلایەن ئەژی بەرزان عارف، محەممەد حوسێن کەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەممەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەممەد ساڵح، ئاوات ئازاد محەممەد، دڵشاد محەممەد ئەمین سەعید، سامان عەلی ساڵح و رێبوار باهر ئەحمەد تۆمار کراوە کە فەرمانبەر و مامۆستان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانە لە سکاڵاکەیاندا، کە ژمارە 247ـی فیدراڵیی ساڵی 2023ـی هەیە، داوایان کردووە حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی دروستیی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراوی فیدراڵی وەکو خۆی، بەتایبەت مادەکانی (6، 7، 8، 9)ـی یاساکە. ئەوان داوا دەکەن ئەو بڕیار و رێنوێنییانەی لە حکومەتی کوردستانەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون، هەڵبووەشێنەوە.
 
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گوشارە ئابوورییەی لەسەری دروستبوو، لەوانە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
 
سکاڵای دووەمیش، کە دادگەکە ئەمڕۆ دوایخست لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە تۆمارکراوە، لەنێویاندا د. رەعد رەفعەت، سەرۆکی بۆردی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر، بەدەل بەرواری، ئاکۆ محەممەد مەحموود، عەلی ئەحمەد و عەلی بابان کە داوایانکردووە دادگەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕگەی دووی مادەی 12 و هەشتەمی مادەی 13ـی یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و2025 پابەند بکات، شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت و مانگانە مووچەکانیان بێ دواکەوتن وەربگرن.
 
لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە کێشە کەوتووەتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق. بەهۆی ئەو ناکۆکییە و راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی نۆ مانگە و نەناردنی پشکی مووچەی هەرێمی کوردستانیش لە لایەن بەغداوە، کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروستبووە.
 
یاسای بودجەى گشتی، کە لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا و لە 26ـى هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ قەبارەکەی 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.