چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک و چوار پارێزگای عێراق دوابکەوێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاکانی عێراق چاوەڕوانی پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی رۆژانی 16 و 18ی کانوونی یەکەم دەکەن بۆئەوەی رێکارەکانی هەڵبژاردنی نێوخۆیی ئەنجوومەن و پارێزگاکان دەستپێبکەن. بەپێی یاسا، سەرۆک و دوو جێگرەکەی لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەدا هەڵدەبژێردرێن و دواتریش پارێزگار هەڵدەبژێردرێت. چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنی پێنج پارێزگار درەنگ بکەوێت، لەنێویاندا کەرکووک. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "مەرج نییە پارێزگار ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگا بێت."
 
رۆژانی 16 و 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی 14 ئەنجوومەنی پارێزگا لە عێراق و کەرکووک بەڕێوەچوو. بڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2024دا ئەنجوومەنەکان دەستبەکاربن و دواتریش پۆستە نێوخۆییەکان یەکلایی بکرێنەوە.
 
بەپێی مادەی 2ی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ناڕێکخراو لە هەرێمێکدا، ژمارە 21ی ساڵی 2008، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆمەڵێک دەسەڵاتیان هەیە. بەپێی یاساکە، هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن، و پارێزگار و دوو جێگرەکەی بەم قۆناخانەدا تێدەپەڕێت:
 
1- بەپێی بڕگەی 1ی مادەی 7ی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ناڕێکخراو لە هەرێمێکدا، ژمارە 21ی ساڵی 2008، دوای پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە ماوەی 15 رۆژدا پارێزگار داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەکات یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بکات. کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن دەبێت و تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و دوو جێگرەکەی و بە دەنگی زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەبێت، واتە"50+1"ی ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەن.
 
2- بەپێی بڕگەی 7ی مادەی 7، دوای کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی پارێزگار، لە ماوەی 30 رۆژدا و لە رۆژی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەنجوومەنەکە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی، واتە "50+1"ی ژمارەی ئەندامانی، پارێزگار و دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێرێت.
 
3- ئەگەر هەریەک لە بەربژێرەکان نەیانتوانی دەنگی نیوە کۆ یەکی ئەندامانی ئەنجوومەن بەدەستبهێنێت، لە گەڕی دووەم رکابەرایەتی لەنێوان دوو بەربژێر دەکرێت کە لە گەڕی یەکەم زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە و لە گەڕی دووەمدا کامیان زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە پارێزگار.
 
4- بەپێی مادەی 26ی یاساکە، لە ماوەی 15 رۆژ لە هەڵبژاردنیەوە، مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ دامەزراندنی پارێزگار دەردەچێت. مەرج نییە ئەو کەسەی دەبێتە پارێزگار ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بێت. پارێزگار سەرۆکی جێبەجێکاری یەکەم دەبێت لە پارێزگاکەی خۆی، پلەی بریکاری وەزیرە.
 
5- جێگرانی پارێزگار پێویستە مەرجەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگایان هەبێت؛ لە ماوەی 15 رۆژ لە هەڵبژاردنیانەوە لەلایەن پارێزگارەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەچێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتەکانیان بریتین لە دەرکردنی بڕیار و یاسا لە چوارچێوەی پارێزگاکە، ئامادەکردنی پڕۆژەی بودجەی پارێزگا، چاودێریکردنی سەرجەم فەرمانگەکانی دەوڵەت لە پارێزگا، لێپرسینەوە لە پارێزگار و جێگرانی و لەسەر کارلابردنیان، دانانی بەڕێوەبەرانی گشتی، بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکان، سەرۆکانی دەزگا ئەمنییەکان و لابردنیان، رەزامەندنی دان لەسەر پلانە ئەمنییەکان، پەسندکردنی گۆڕانکاریی کارگێڕی لە سنووری پارێزگاکە.
 
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 24-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چاوەڕوان دەکرێت "رێکارەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکەونە مانگی شوبات، چونکە پێدەچێت گەیشتن بە رێککەوتن ماوەیەکی بوێت، بەتایبەت چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاریداوە بە یەک تیم کارەکانی بکات، ئەوەش واتە تاڕادەیەک یەکلاییکردنەوەی پۆستەکانی 10 پارێزگا."
 
عارف حەمامی گوتیشی، "رکابەرایەتی لەسەر پۆستی پارێزگارەکان دەبێت. ئەگەری زۆرە لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەڵاحەدین، رکابەرایەتییەکە تووندتر بێت بەراورد بە پارێزگاکانی باشووری عێراق."