دادگەی فیدراڵیی عێراق تایبەت بە مووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی دوو سکاڵا لەبارەی "پێدانی مووچە لە وادەی خۆی" و "دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە"ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. یەکێک لەو فەرمانبەرانەی سکاڵای تایبەت بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی تۆمار کردووە، دەڵێت، "سەرجەم بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتەکانمان داوەتە دادگەی فیدراڵی. چاوەڕوانین لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران و مامۆستایان بڕیار بدات و پلەبەرزکردنەوەیان بۆ بگەڕێنێتەوە."
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-12-2023 دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی چوار سکاڵا کۆببێتەوە، کە دووانیان پەیوەندیدارن بە فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان. یەکێکیان تایبەتە بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و لەلایەن ئەژی بەرزان عارف، محەممەد حوسێن کەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەممەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەممەد ساڵح، ئاوات ئازاد محەممەد، دڵشاد محەممەد ئەمین سەعید، سامان عەلی ساڵح و رێبوار باهر ئەحمەد تۆمار کراوە کە فەرمانبەر و مامۆستان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
ئەو مامۆستایانە لە سکاڵاکەیاندا، کە ژمارە 247ی فیدراڵیی ساڵی 2023ی هەیە، داوایان کردووە حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی دروستیی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ی ساڵی 2018ی هەموارکراوی فیدراڵی وەکو خۆی، بەتایبەت مادەکانی (6، 7، 8، 9)ی یاساکە. ئەوان داوا دەکەن ئەو بڕیار و رێنوێنییانەی لە حکومەتی کوردستانەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون، هەڵبوەشێنەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 24-12-2023 ئاوات ئازاد، یەکێک لەو کەسانەی سکاڵاکەی تۆمار کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە سەرجەم ئەو بەڵگە، نووسراو و دۆکیۆمێنتانەی کە پێویستن، ئامادەمان کردوون و رادەستی دادگەکەمان کردوون و چاوەڕوانی بڕیاری لێ دەکەین، چونکە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان بە نایاسایی لە ساڵی 2015ەوە راگیراوە."
 
ئاوات ئازاد گوتیشی، ئەوان ئەمڕۆ لە دادگەی فیدراڵیی عێراق ئامادە دەبن، بۆئەوەی لەگەڵ پارێزەرەکەیان بەرگری لە بەڵگەنامە و داواکەیان بکەن.
 
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گوشارە ئابوورییەی لەسەری دروستبوو، لەوانە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
 
دانیشتنەکەی دادگەی فیدراڵی لەکاتێکدایە، رۆژی 10-09-2023 دادگەکە سکاڵایەکی رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێی تایبەت بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە. سکاڵاکار داوای کردبوو دادگەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 56ی ساڵی 2015ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بدات، کە بەپێی ئەو بڕیارە، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا.
 
سکاڵای دووەم، کە بڕیارە دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ی کانوونی یەکەم تاوتوێی بکات، لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە تۆمارکراوە لەنێویاندا د. رەعد رەفعەت، سەرۆکی بۆردی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر، بەدەل بەرواری، ئاکۆ محەممەد مەحموود، عەلی ئەحمەد و عەلی بابان داوایانکردووە دادگەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕگەی دووی مادەی 12 و هەشتەمی مادەی 13ی یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و2025 پابەند بکات، شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت و مانگانە مووچەکانیان بێ دواکەوتن وەربگرن.
 
لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە کێشە کەوتووەتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق. بەهۆی ئەو ناکۆکییە و راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان کە نزیکەی نۆ مانگە و نەناردنی پشکی مووچەی هەرێمی کوردستانیش لە لایەن بەغداوە کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروستبووە.
 
یاسای بودجەى گشتی، کە لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا و لە 26ـى هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ قەبارەکەی 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.