رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى کۆمکارى عەرەبی سەرکۆنەى هەوڵى ئیسرائیل بۆ فراوانکردنى "هەڵسوکەوتى دوژمنکارانە"ی لە ناوچەکە دەدات و داواش لە جەزائیر دەکات وەک ئەندامى ناهەمیشەیی ئەنجوومەنى ئاسایش هاوئاهەنگى لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات بۆ ئەو سکاڵایەى لە ئەنجوومەنى ئاسایش تۆماری کردووە.
ئەو هەڵوێستانە لە راگەیێندراوى کۆتایی کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى کۆمکارى عەرەبی بڵاوکرایەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە 24ى تشرینى دووەم لەسەر داواى عێراق و لەسەر ئاستى نوێنەرانى وڵاتانى ئەندام لەبارەى دۆخى ناوچەکە ئەنجامیاندا.
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، سەرکۆنەى هەوڵى ئیسرائیل دەکەن بۆ فراوانکردنى "هەڵسوکەوتى دوژمنکارانە"ی لە ناوچەکە لەوانە لە بەرامبەر عێراق، کە لە رێگەى نامەیەکى وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیلەوە ئاڕاستەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەڵەتى کردووە.
18ى تشرینى دووەمی 2024، گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە نامەیەکدا داواى لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی کۆتایی بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بهێنێت.
بەشدارانى کۆبوونەوەکە بڕیاریانداوە داوا لە جەزائیر بکەن کە ئێستا ئەندامێکى ناهەمیشەیی ئەنجوومەنى ئاسایشە کە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ عێراق بەدواداچوون بۆ ئەو سکاڵایە بکات بەغدا دژى ئیسرائیل لە ئەنجوومەنى ئاسایش تۆماری کردووە و داواش لە ئەمیندارى گشتى کۆمکارى عەرەبی دەکرێت نامە بۆ سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرۆکى ئەنجوومەنى ئاسایش بنێرێت بۆ پاڵپشتیکردن لەو هەنگاوەى عێراق.
ئەنجوومەنى کۆمکارى عەرەبی ستایشى هەنگاوێکى حکومەتى عێراقى کردووە بۆ راسپاردنى هێزە چەکدارەکانى بۆ رێگرى لە هەر چالاکییەکى سەربازی لە دەرەوەى دەسەڵاتى دەوڵەت.
19ى تشرینى دووەم محەممەد شیاع سوودانى وەک فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانیدا رێگرى لە هەر چالاکییەکى سەربازى لە دەرەوەى دەسەڵاتى دەوڵەت و چاودێرى هەموو چالاکییەکى ئاسمانیى "دوژمنکارانە" بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ