ئەوانەى لە رووداوەکەى حەمدانییە گیانیان لەدەستدا مووچەی شەهیدانەیان بۆ دەبڕدرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
عێراق قەرەبووى زیانلێکەوتووانى رووداوەکەى حەمدانیە دەکاتەوە و ئەوانەى گیانیان لە دەستداوە وەک شەهید هەژمار دەکرێن. تاوەکو ئێستا 150 بریندار و کەسوکارى 134 کەس کە لەو رووداوە گیانیان لەدەستدا، یەک گوژمەى قەرەبوویان وەرگرتووە.
ئەو هەنگاوە لە کۆبوونەوەی رۆژى سێشەممە 26ى تشرینى دووەمی پەرلەمانی عێراقەوە دەستپێدەکات، کاتێک خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاسایەک دەکات کە یەکێک لە ئامانجەکانى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى ئاگکەوتنەوەکەى شەوی 26-09-2023ى هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی قەزاکەى حەمدانیەیە.
پڕۆژەیاساکە بەناوى رێکخستنى مافى قوربانیانى نەخۆشخانەى ئیبن خەتیب، ناوەندى نەقا و رووداوەکەى حەمدانیەیە.
ماجید شنگالى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستى پەرلەمانى عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لەو پڕۆژە یاسایەدا بڕى مووچەى ئەوانە دیاری ناکرێت کە لە رووداوەکەى حەمدانیە گیانیان لەدەستداوە یان زەرەرمەند بوون، بەڵکو تەنیا رێوشوێن و مەرجەکانى قەرەبووکردنەوەکەى تێدا دەبێت و دەزگاى شەهیدانى عێراق بڕیار لەسەر شێوازى مووچە و قەرەبووەکەیان دەدات".
1ـی تشرینى یەکەمى 2023 لیژنەى لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵەکەی حەمدانیە رایگەیاند، رووداوەکە بەهۆی یاریی ئاگرینەوە کەوتووەتەوە و لە راسپاردەکانیدا داوای لەسەرکارلابردن و دادگاییکردنی پێنج بەرپرسی سنوورەکەی کرد.
عیسام بەهنام مەتى، قایمقامى قەزاى حەمدانیە ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بە گوێرەى پڕۆژەیاساکە، ئەوانەى لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە، وەک شەهیدى دەستى تیرۆر یان وەک شێوازێکى دیکە مووچەى شەهیدانەیان لەلایەن دەزگاى شەهیدانەوە بۆ دەبڕدرێتەوە".
قەزاى حەمدانیە لە سنوورى پارێزگاى نەینەوایە و زۆرینەى دانیشتوانەکەى کریستیانن.
عیسام بەهنام مەتى رایگەیاند، "لە رووداوەکەى حەمدانیەدا 134 کەس گیانیان لەدەستدا و 150 کەسی دیکەش بریندار بوون. کەسوکارى ئەوانەى گیانیان لەدەستداوە بڕى 10 ملیۆن دینار و بریندارەکان پێنج ملیۆن دیناریان وەک قەرەبوو پێدراوە".