موقتەدا سەدر لەسەر هاوڕەگەزخوازان رەخنە لە پاپاى ڤاتیکان دەگرێت

24-11-2022
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێبەرى رەوتى سەدر رەخنە لە پاپا فرانسیس دەگرێت بەهۆى پرسی هاوڕەگەزخوزانەوە و سەرسوڕمانیى خۆى نیشاندا بەوەى پاپا ئەو کەسانەى بە "رۆڵەکانى خودا" وەسفکردووە. دەشڵێت: "ئەو پاڵپشتییەى بەریتانیا و ئەڵمانیا لە هاوڕەگەزخوازانیان کردووە لە ئۆکراینایان نەکردووە".
 
رۆژی پێنجشەممە، 24ى تشرینى دووەمى 2022، محەممەد ساڵح عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر گوتارێکى ئەو رێبەرەى لەبارەى هاوڕەگەزخوازان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژەى بەوە داوە، ئەو پاڵپشتییەى لە هاوڕەگەزخوازان دەکرێت لە جیهان، بەتایبەت لەلایەن بەریتانیا و ئەڵمانیاوە، پێشتر "وێنەى نەبووە"، تەنانەت زیاتر لە ئۆکراینا پاڵپشتییان لە هاوڕەگەزخوازان کردووە کە بەهۆى ئەو جەنگەى تێى کەوتووە زۆرینەى وڵاتانى ئەوروپا تووشی کەمبوونەوەى وزە و قەیرانى ئابووریى بوون و دەستبەردارى دۆسیەى بەبیابانبوون و پیسبوون و خراپبوونى ژینگە بوون.
 
موقتەدا سەدر ئاماژەى بەوەداوە، ئەو وڵاتانەى پاڵپشتیکارى هاوڕەگەزخوازانن ئەوەیان بیرچووەتەوە کە پاڵپشتیکردنیان بۆ پەیوەندیی رێگەپێنەدراوى نێوان ژن و پیاو، بووە هۆى بڵاوبوونەوەى نەخۆشیی ئایدز.
 
لە گوتارەکەیدا، وەزیرەکەی سەدر کە قسەکانی موقتەدا سەدری گواستووەتەوە، پێیوایە کە ئەو پاڵپشتییەى بۆ هاوڕەگەزخوازان دەکرێت، بۆ خستنى سەرجەم ئایینەکانە، بەوپێیەى بە گوتەى ئەو، ئەو هەڵسوکەوتە لە سەرجەم ئایینەکاندا بەبێ جیاوازى رێگەپێدراو نییە و دەڵێت: "پێدەچێت ئەو پاڵپشتییەیان بۆ هاوڕەگەزخوازان ئەزموون و ئامادەکارییەک بێت بۆ شتێکى دیکەى قێزەونتر".
 
موقتەدا سەدر رەخنە لە پاپاى ڤاتیکان دەگرێت و دەڵێت، سەیرە و جێگەى گلەییە لە پاپا کە هاوڕگەزخوازانى بە رۆڵەکانى خودا وەسفکردووە، لەکاتێکدا پەیامبەر عیسا بە کەسانى قێزەون ناوى بردوون و "ئەگەر پێتوابێت گوناهکار پێویستى بە پاڵپشتییە بۆ تەوبەکردن، ئەوا ستایشکردنى نابێتە هۆکارێک بۆ تەوبەکردن، بەڵکو وادەکات رژدتر بێت لەسەرى".
 
رێبەرى رەوتى سەدر ئاماژە بەوە دەکات کە دەرچوونى پاپاى ڤاتیکان لە بێدەنگى بە پاڵشتیکردنى هاوڕەگەزخوازان جێگەى سەرسوڕمانە. 
 
رۆژی 9ى ئایارى 2022، پاپا فرانیس، پاپاى ڤاتیکان لەبارەى هاوڕەگەزخوزانەوە رایگەیاند، مرۆڤەکان رۆڵەى خودان و خودا پشت ناکاتە رۆڵەکانى.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە