عێراق
مەزهەر محەممەد ساڵح دەڵێت، لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 داوای وەرگرتنی بڕێک قەرز کراوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەی 2021 دەگاتە پەرلەمان، ئێستا پرۆژەکە نیمچە ئامادەیە و مووچەی فەرمانبەرانی بۆ ماوەی ساڵی 2021 دەستەبەر کردووە.
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەی روونکردەوە، لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 داوای وەرگرتنی بڕێک قەرز کراوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی بڕی قەرز یاخود کورتهێنانەکە دیارینەکراوە.
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێیوایە پرۆژە یاساکە هەمان پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020 دەبێت، کە پێشتر حکومەتی عێراق لە پەرلەمان کشاندیەوە.
د. هەیسەم جبووری، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەرسووڕمانین لە لێدوانەکانی حکومەت کە دەڵێت پێویستە بودجە پێش مانگی یەک پەسند بکرێت، لەکاتێکدا خۆی پرۆژە یاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە، بێگومان ئەو دواکەوتنە کاریگەریی دەبێت لەسەر دواکەوتنی پەسندکردنی یاساکە، بۆیە نووسراوی زۆرمان بۆ حکومەت کردووە، دوایینیان چەند رۆژ لەمەوبەر بووە بەوەی پێویستە ناردنی پرۆژەیاسای بودجە پەلەی تێدا بکرێت، بەمەبەستی پەسندکردنی".
هەروەها د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، پێش پەسندکردنی یاسای قەرز، مستەفا کازمی پێی راگەیاندوون لە ماوەی ئەم مانگەدا بودجەی ساڵی 2021 دەنێرێتە پەرلەمان. دەشڵێت، "ئەگەر لەو ماوەیەدا پەسندی نەکات، ئەوا کێشە بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو دروستدەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ