رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق دابەشکردنى پەینى کیمیایی دروستکراوى نێوخۆیی راگرت، ئەوەش بەهۆی گومانى ئەوەى تیشکدانەوەى کیمیایی تێدایە، کە هۆکارى شێرپەنجەیە. گوتەبێژى ئەو وەزارەتە دەڵێت، نموونەى پەینەکە نێردراوە بۆ تاقیگە، ئەگەر دەرکەوت تیشکدانەوەى هەیە، دەیگەڕێننەوە بۆ ئەو شوێنەى لێیان کڕیون.
حەمید نایف، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دابەشکردنى پەینى کیمیایی دروستکراوى نێوخۆییان راگرتووە کە لەلایەن کۆمپانیاى گشتیى پەینى باشوور بۆیان دابینکراوە، لە کۆى 50 هەزار تۆنى گرێبەستى کڕینى ئەو پەینە، 30 هەزار تۆنیان وەرگرتووە."
بە گوتەی گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق، کاروانى یەکەمى ئەو پەینە لە پشکنیندا کێشەى نەبووە، "بەڵام لە کاروانى کۆتاییدا لە پشکنیندا دەرکەوتووە تیشکدانەوەى کیمیایی هەیە، بۆیە جارێکى دیکە نموونەیمان لێ ناردووەتەوە بۆ پکشنین."
حەمید نایف ئەوەشی خستەڕوو، کەرەستەى سەرەتایی دروستکردنى ئەو پەینە هاوردە دەکرێت و لە کارگەى کۆمپانیاى پەینى کیمیایی باشوور دروستدەکرێت. گوتیشی، "پێشتر ئەو جۆرە پەینەمان هاوردە دەکرد، بەڵام وەزارەتى پیشەسازى پێیان گوتین، هاوردەى مەکەن، خۆمان بۆتان دروست دەکەین."
ئەنجامدانى ئەو پشکنینە لەبارەى پەینى کیمیایی دروستکراوى نێوخۆیى عێراق، لە کاتێکدایە، جووتیارانى عێراق خۆیان بۆ وەرزى چاندنى ئەمساڵ ئامادە دەکەن، کە 750 هەزار هێکتار زەوی رێگەپێدراوە بۆ چاندن.
حەمید نائیف ئاشکرایکرد، هیچ بڕێکیان لەو پەینە کیمیاییەى وەریانگرتووە دابەشنەکراون و ئەگەر پشکنینەکان دەریانخست کێشەى نییە، پەینەکە دابەش دەکەن، ئەگەرنا دەیگەڕێننەوە بۆ ئەو کۆمپانیایەى دروستیکردووە و خەرجیى گرێبەستەکەشی لێوەردەگیرێتەوە.
شەوی رابردوو 23-10-2022 لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ی تۆڕی میدیایی رووداو، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کۆمەڵێک پرۆژەی کشتوکاڵی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن "لە پڕۆژەی کشتوکاڵیی خانووە پلاستیکییەکانیش کۆمەڵێک کوتی نایترۆجین و سپی و ماددە قڕکەرەکان و پەینی دەستکرد بەکاردەبرێت کە لە رێژەی ستانداردی خۆی زیاتر بەکاردەبرێن و بوونەتە هۆی ژەهراویبوونی بەرهەمەکە و هاووڵاتییانیان تووشی شێرپەنجە کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ