پەناخوازێکی عێراقی: قاچاخچی پێی گوتین بە کەشتیی 5 ئەستێرە دەتانگوازینەوە؛ هەمووی درۆ بوو

24-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەناخوازێکی عێراقی کە "بە رێکەوت" لە رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک رزگاری بووە، لە ئوسترالیا شایەتی دژی قاچاخچییەک دەدات و دەڵێت، قاچاخچییەکان پێیان گوتوون، بە کەشتییەکی "پێنج ئەستێرەیی دەتانبەینە ئوسترالیا." 
 
رۆژی دووشەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2022، ئادەم ناموی تەمەن 40 ساڵ چووە دادگەی بریزبەینی ئوسترالیا بۆئەوەی لە پرۆسەی دادگاییکردنی مەیسەم کامیل رازیدا وەکو گەواهیدەر ئامادەبێت کە تۆمەتبارە بە هاوکاریکردن بۆ گواستنەوەی پێنج کۆچبەر بۆ ئوسترالیا لە ماوەی نێوان مانگی تەممووز و تشرینی یەکەمی ساڵی 2001. 
 
دادگەی بریزبەین دەڵێت: "پێش ئەوەی بەلەمەکە لە رۆژی 19ـی ئۆکتۆبەری 2001 نقووم بێت، ئادەم بەلەمەکەی جێهێشتووە و رایکردووە." 
 
ئادەم بە دادگەی گوت کە لەگەڵ خێزانەکەی گەشتەکەی لە عێراقەوە بۆ ئوردن دەستپێکردووە و دواتر چووەتە مالیزیا و ئەندەنووسیا. پێش ئەوەی لە مالیزیاوە بەرەو ئەندەنووسیا بەڕێبکەون، قاچاخچییەکان بە کۆچبەرانیان گوتووە کە "جلی جوان لەبەر بکەن چونکە بە کەشتییەکی پێنج ئەستێرە دەگوازرێنەوە". لەو بارەیەوە، ئادەم دەڵێت: "هەمووی درۆ بوو. تەنیا بەلەمێکی بچووکی راوەماسی بوو." 
 
ئادەم دەشڵێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ خوشکی و منداڵەکانی خوشکی لە ئەندەنووسیاوە بچنە ئوسترالیا، بۆ هەر کەسێک بڕی 700 دۆلاری داوەتە قاچاخچییەک بە ناوی ئەبو قوسەی، بەڵام کە چوونەتە نێو بەلەمەکە، بینیویانە کە 400 کەس لەنێو بەلەمێکی بچووکدا کۆکراونەتەوە. 
 
دادگە گوتی کە مەیسەمی تەمەن 46 ساڵ سەرکێشیی بەقاچاخبردنەکەی نەکردووە، بەڵام هاوکاریی ئەبو قوسەی کردووە لە گواستنەوەیان. مەیسەم بە کۆکردنەوەی پارە، ئامادەکردنی پاسی کۆچبەران، سەرپەرشتیکردنی ئەو شوێنانەی پێش گەشتکردن کۆچبەرانی تێدا کۆدەکرێنەوە و ئامادەکردنی بەلەم تۆمەتبارە. 
 
دادگاییکردنی مەیسەم کامیل رازی تاوەکو رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت و دواتر دادوەر بڕیار لە چارەنووسەکەی دەدات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە