محەممەد تۆفیق عەللاوی: سەرۆکوەزیرانێکی پێشوو پێیگوتم خۆپێشاندەران بە شەقامەکاندا راماندەکێشن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پێشووی گواستنەوە و راسپێردراوی پێشووتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەڵێت، یەکێک لە سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووی عێراق پێی گوتووە، "خۆپێشاندەران دێنە نێو ماڵەکانمانەوە لە ناوچەی سەوز و بە شەقامەکاندا راماندەکێشن." دەشڵێت، "ترسم لەوە هەیە پشێوی سەرهەڵبدات و سەرەتایەک بێت بۆ جەنگی نێوخۆیی."
 
رۆژی دووشەممە، 24-10-2022 محەممەد تۆفیق عەللاوی، راسپێردراوی پێشووتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، لە نووسینێکدا باس لە قسەی یەکێک لە سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق دەکات کاتێک پێشبینیی کردووە خۆپێشاندەران لە ناوچەی سەوز هێرشیان بکەنەسەر و دەڵێت، "ئەگەر خەمیان بەرژەوەندیی کەسی و حیزبەکانیان بێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی نیشتمان و هاووڵاتی، ئەوا ئاساییە ناکۆک بن و قسەیان جیاواز بێت، ئەنجامە سرووشتییەکەشی کە بینیومانە، پڕکردنی گیرفانەکانیانە لەسەر حیسابی هەموو گەل کە بەدەست هەژاری و برسێتی و قورسیی بژێوییەوە دەناڵێنن، جگە لە رۆچوونی وڵات لە نەهامەتیی رووخێنەر و پڕووکێنەر لە ماوەیەکی کەمدا."
 
لە درێژەی قسەکانیدا محەممەد تۆفیق عەللاوی نووسیویەتی، "لەگەڵ رێزم بۆ هەموو ئەوانەی قسە دەکەن، بەڵام پێویستە ئامانجمان سەپاندنی سیستم و رەتکردنەوەی پشێوی بێت، ئایینە راستەکەمان فێری کردووین خۆمان لەسەر رەتکردنەوەی هەستەکانی تۆڵەسەندنەوەی هەڕەمەکییانەی دوور لە یاسا دووربگرین."
 
لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، لە 1ی شوباتی 2020 محەممەد تۆفیق عەللاوی لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرا و هەردوو فراکسیۆنەکانی فەتح و سەدرییەکانیش پشتیوانییان لێکرد، بەڵام لە 1ـی ئاداری 2020 داوای لێبووردنی لە تەواونەکردنی کارەکەی کرد، چونکە لایەنە سیاسییەکان دەنگیان بە کابینەکەی نەدا و پاش ئەو مستەفا کازمی بووە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ناوبراو ئەوەی خستووەتەڕوو، "راستیی دووەم ئەوەیە، رووداو و قسەی یەکێک لە سەرۆکوەزیرانەکانی پێشوومان هێنایەوە کاتێک لە ناوچەی سەوز بوو، من نە لە رابردوو و نە لە داهاتوودا نیشتەجێی نابم، لە دوایین رۆژەکانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی چاوم پێی کەوت، راستییەکەی من باوەڕناکەم ئەوە وەکو چارەسەر بێت، چونکە ئەگەر راکێشانەکە بە شەقامەکان ئەگەر رووبدات چی دەبێت؟ ترسم لەوەیە پشێوی سەرهەڵبدات و سەرەتایەک بێت بۆ جەنگی نێوخۆیی کە هۆشداریم لێداوە، ئومێد دەکەم وڵاتەکەمان پێشبکەوێت و گەندەڵی کۆتایی پێبێت و بە پشتیوانیی خودا گەندەڵکاران لابچن بەبێ ئەوەی کوشتن و راکێشان هەبێت، بەڵکو لەلایەن دادگەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت بۆئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن."
 
لەدوای ساڵی 2003 محەممەد تۆفیق عەللاوی دوو خول پەرلەمانتار بووە و دوو جاریش پۆستی وەزیری گواستنەوەی وەرگرتووە. لەدوای رووداوەکانی تشرینی 2019 و خۆپێشاندانەکان راسپێردرا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام نەیتوانی حکومەتەکەی پێکبهێنێت، بەهۆی بوونی ناکۆکییەکی زۆری سیاسی.