رووداو دیجیتاڵ
پارێزگارى پێشووى ئەنبار لە ئەندامیێتیى ئەنجوومەنى پارێزگا دوور دەخرێتەوە بەهۆى بەندکردنى لەسەر دۆسیەیەکى گەندەڵى. کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانیش جێگرەوەى بۆ دیاری دەکات.
بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کە لە 23ى ئەیلوول دەریکردووە، ویسام دلێمى، وەک ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار لە جێگەى عەلى فەرحان جبوورى دانراوە.
عەلى فەرحان دلێمى، لە ساڵى 2018ـەوە بۆ 2023 پارێزگارى ئەنبار بوو، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى ساڵى رابردوو، زیاتر لە 16 هەزار دەنگى بەدەستهێنابوو لەسەر لیستى ئەنبار هەویەتونا.
سەعد محەممەدى، سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، عەلى فەرحان دلێمى بەهۆى ئەوەى لەلایەن دادگەوە سزادراوە، ئەندامێتیى ئەنجوومەنى لەدەستداوە، بۆیە جێگرەوەى بۆ دیاری کراوە.
سەعد محەممەدى گوتى: "عەلى فەرحان دلێمى بە یەک ساڵ بەندکردن سزا دراوە و ئێستا لە گرتووخانەیە".
29ى ئاب لەسەر دۆسیەیەکى گەندەڵى دادگە سزاى ساڵێک بەندکردنى بۆ عەلى فەرحان دلێمى دەرکرد، بە تۆمەتى زیانگەیاندن بە ماڵى گشتى.
ویسام دلێمى، کە لەجێگەى فەرحان دلێمى دەبێتە ئەندامى ئەنجوومەن، بەربژێری لیستى ئەنبار هەویەتونا بوو و 7359 دەنگى بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ