رووفاتی 45 قوربانیی بەندیخانەی بادۆش رادەستی کەسوکاریان کرانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی دادپزیشکی لە بەغدا، رووفاتی 45 قوربانیی بەندیخانەی بادۆش رادەستی کەسوکاریان کردەوە، کە بە دەستی داعش کوژراون.  
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، رۆژی 23ی ئەیلوولی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دادپزیشکی، وەک بەشی دووەم، 45 رووفاتی رادەستی کەسوکارەکانیان کردەوە، کە لە 2014 لەلایەن رێکخراوی داعش لە زیندانی بادۆش کوژرابوون.  
 
گرتووخانەى بادۆش دەکەوێتە نزیک شارۆچکەى بادۆشى رۆژئاواى شارى مووسڵ لە سنووری پارێزگای نەینەوا، دووەم گەورەترین گرتووخانەیە لە عێراق لەدواى گرتووخانەى ئەبو غرێب لە بەغدا.
 
دکتۆر عامر جەمیل، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دادپزیشکی دەڵێت، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی کارمەندانی پزیشکی و تاقیگەی بەشی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و فەرمانگەی کاروباری گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە دامەزراوەی شەهیدان، بۆ دەرهێنان و دووبارە رادەستکردنەوەی روفاتەکان بە کەسوکارەکان، ئەوەش دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و پشکنی دی ئێن ئەی. 
 
دکتۆر یاسەمین مونزر، بەڕێوەبەری بەشی گۆڕەبەکۆمەڵەکان  گوتی، میکانزنی کارپێکراو گیراوەتەبەر، بۆ ئاشکراکردنی ئەو رووفاتانە و پشکنین بۆ  ناسینەوەیان و رادەستکردنەوەیان بە کەسوکارەکانیان، بەم شێوەیە کۆی گشتی رووفاتە رادەستکراوەکان دەبێتە 123 رووفات.
 
تيمى لێکۆڵینەوەى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ لێپێچینەوە لەبارەى تاوانەکانى داعش (یونیتاد)، راپۆتێکى 47 لاپەڕەیى لە بارەى ئەو هێرشەى داعش بۆ سەر گرتووخانەکە بڵاوکردووەتەوە.
 
هێرشەکە بەیانیی 10ى حوزەیرانى 2014 لەلایەن داعشەوە کرایە سەر گرتووخانەکە، ئەو کاتە زیاتر لە سێ هەزار بەندکراوى تێدابوو، هێرشەکە دواى چەند کاژێرێک بوو لە کۆنتڕۆڵکردنى بەشى راستى شاری موسڵ کە تاوەکو سێ ساڵ بەدەستیانەوە بووە.
 
لە راپۆرتەکەى یونیتاد هاتووە، پاسەوانانى گرتووخانەکە بەر لە هێرشەکە ئاگادارکراونەتەوە، کە ئەگەر هەیە ئەو رێکخراوە ھێرش بکاتە سەر گرتووخانەکە، بەهۆیەوە پشێوى ئەمنى روویداوە، کە وایکردووە دەستگرتن بەسەر گرتووخانەکە ئاسان بێت.
 
لەدواى دەستگرتن بەسەر گرتووخانەکە، چەکدارانى داعش بەندکراوانیان لەسەر بنەماى ئایینى جیا کردووەتەوە، هەمان رۆژ دەیان بەندکراوى شیعە لە چەند شوێنێک کوژراون.
 
یونیتاد ئاماژەى بەوەشداوە، لەسەر داواى رێکخراوى داعش، ئەندامانى ئەنساڕولئیسلام بەشداربوون لەو هێرشە، لە شارۆچکەى بادۆش کۆبوونەوە کراوە بۆ پلاندانان بۆ هێرش بۆ سەر گرتووخانەکە و ئەو گرووپە پڕچەک کراون.
 
داعش پشتى بەو کەسانەش بەستووە کە پێشتر لەو گرتووخانەیە بەندکراو بوون، زانیارییان لێ وەرگرتوون لە بارەى وردەکاریى گرتووخانەکەوە، ئەوە جگە لەوەى ژمارەیەک لە بەندکراوان و پاسەوانانى گرتووخانەى بادۆش راستەوخۆ بەشدار بوون لە هێرشەکە و ئەو مامەڵانەى دواتر لەگەڵ بەندکراوە شیعەکانى گرتووخانەکە کراون.
 
شەوى 9 لەسەر 10ى حوزیران 50 بۆ 100 چەکدارى داعش لە ناوچەکانى دەوروبەرى گرتووخانەکە نزیک بوونەتەوە لە بازگەى بابولشام و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان روویداوە، تاوەکو ئەوەى شەڕەکە لە گرتووخانەکە نزیک بووەتەوە، پاسەوان و کارمەندانی گرتووخانەکە شوێنەکانیان بەجێهێشتووە، سەرەڕاى ئەوەى فەرمانیان پێکراوە لە شوێنى خۆیان بمێننەوە.
 
ژمارەیەک لە بەندکراوان توانیویانە لە دەرگاى پشتەوەى گرتووخانەى بادۆش هەڵبێن، بەر لەوەى چەکدارانى داعش و ئەنساروئیسلام بگەنە گرتووخانەکە، 60 بەندکراویان لەسەر رێگەیەکى خێرا لەلایەن داعشەوە دەستگیرکراون، دواى 10 رۆژ هەموو هەڵاتووەکان کەوتنە دەست داعش.
 
کاتێک داعش دەستى بەسەر گرتووخانەکەدا گرتووە، قوفڵى دەرگاى زۆرینەى هۆڵە سەرەکییەکانى شکاندووە و بە هۆڵى ئەو ژنە بەندکراوانەشەوە کە لە گرتووخانەى بادۆش بوون، بەبێ ئەوەی پرسیارى ئەوەیان لێ بکرێت، کە سەر بە کام مەزهەب و ئایینن، بەڵام  پیاوە بەندکراوە شیعەکان کراونەتە ئامانج و تەقەیان لێکرا، دوو هۆڵى بەندکراوان کە سەرجەمیان شیعە بوون، بە داخراوى هێڵدرایەوە.
 
لە راپۆرتەکەى یونیتاددا هاتووە، "هەندێک لە بەندکراوان کوشتنى بەندکراوە شیعەکانیان بەچاوى خۆیان بینیوە، یان بە چەقۆ و گولـلە کوژراون، یان لە ناو گرتووخانەکە سەربڕدراون".
 
هەندێک لە بەندکراوە شیعەکان بەرەو شوێنێکى دیکە براون بۆ ئەوەى بیانکوژن، کە بەتێکڕا ئەوانەى لە 10ى حوزەیران و لە شەش شوێنى جیاواز کوژراون، بە هەزار بەندکراوى شیعە مەزەندە دەکرێن، رووفاتى 632یان دەرهێندراونەتەوە.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "بەندکراوى کورد هەبووە لەو هێرشەدا لە گرتووخانەى بادۆش شەهید بووە، بەندکراوى دیکەى کوردیش هەبووە کە توانیوێتى خۆى رزگار بکات".
 
گرتووخانەى بادۆش، شوێنى بەندکردنى ئەو کەسانە بووە، کە سزاى سووک و قورسیان لەسەر بووە، یەکەیەکى چاکسازیشی تێدابووە بۆ بەندکراوان.
 
بەگوێرەى راپۆرتەکە، ئەرکى پاراستنى گرتووخانەکە لە ئەستۆى سێ هێز بووە، پاسەوانى گرتووخانە، پۆلیس و سوپا، نزیکەى هەزار کارمەندى هەبووە کە لە پێکھاتەکانى شیعە، سوننە، کورد، کریستیان و کوردى ئێزدى بوون.
 
نزیکەى سێ هەزار کەس لە گرتووخانەکە بوون کاتێک داعش هێرشی کردووەتە سەر، 1100 بۆ 1500یان سزاى سوکیان هەبووە، 1500یان سزاى قورسیان لەسەر بووە، 100 بۆ 350 نەوجەوانیش لە گرتووخانەکە بەند کرابوون، نیوەى بەندکراوەکان شیعە بوون، هەندێکیان ئەندامى سوپاى مەهدى سەر بە موقتەدا سەدر بوون.