ڤیزەی نێوان عێراق و ئیندۆنیزیا هەڵگیرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئیندۆنیزیا رێککەوتننامەی هەڵگرتنی ڤیزەیان لە نێوان هەردوولا واژۆ کرد.
دووشەممە، 23-09-2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و رێتنۆ مارسوودی، وەزیری دەرەوەی ئیندۆنیزیا، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد؛ بۆ لێخۆشبوون و هەڵگرتنی ڤیزە بۆ خاوهن پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاریی لەكاتی سهردانی هاووڵاتیانی هەردوولا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "ئامانجی رێککەوتنەکە پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانە و پەرەپێدانی هاوکارییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵاته."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئیندۆنیزیا، باسیان لە رێگاکانی ئاسانکاریی بۆ هاتنە ناوەوەی هاووڵاتیانی عێراق و ئیندۆنیزیا بۆ نێو ههردوو وڵات کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 10ـی تەمموزی ئەم ساڵ، عێراق و تورکیا لەسەر هەڵگرتنى ڤیزە لەسەر هەندێک لە گەشتیاران بەگوێرەى تەمەنیان رێککەوتن.