هۆزەکانی سامەڕا: ئەو خێزانەی شەش کەسیان کوژران پێشتر پێنج کەسی دیکەیان پێکەوە کوژرابوون

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لە ناحیەیەکی پارێزگاى سەلاحەدین، سەرجەم ئەندامانی خێزانێک کە ژمارەیان شەش کەس بوو، لەنێو ماڵەکەیاندا کوژران. سەرۆک هۆزەکانی سامەڕا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن "رووداوێکی لەو جۆرە بە واتای بوونی کەلێنی ئەمنیی گەورە لە شارەکە دێت."
 
ئەمڕۆ (شەممە، 24ـی ئابی 2024) سەرۆک هۆزەکانی سامەڕا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "بەتووندی سەرکۆنەی ئەو کارە قێزەوەنە دەکەین و داوا لە سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ دەکەین سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوەکان بکەن و تاوانبار بە سزای یاسایی خۆیان بگەیێندرێن."
 
ئاماژەیان بەوەش دا، هەمان بنەماڵە لە ساڵی 2020 پێنج کەسی دیکەیان لە رووداوێکی هاوشێوەدا کوژراون و تاوەکو ئێستاش تاوانباران دەستگیر نەکراون. "دووبارەبوونەوەی حاڵەتی هاوشێوە لەم ساڵدا، بوونی کەلێنێکی ئەمنیی گەورە لە شارەکەدا دەسەلمێنێت."
 
رۆژی 21ـی ئەم مانگە، ژمارەیەک چەکدار بە جلی سەربازییەوە ھەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە ناحیەى عەباسی لە قەزای سامەڕا و سەرجەم ئەندامانی خێزانێک کە 6 کەس بوون، لە ماڵەکەی خۆیاندا کوشت. خێزانەکە پێکهاتبوون لە دایکێک و پێنج منداڵی.
 
دوای رووداوەکە راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بۆ کاروباری ئەمنی راگەیاند "حەوت گومانلێکراو دەستگیرکراون کە هەر خەڵکى ناحیەى عەباسییەن."