عێراق کۆمەڵگەی وەلید لەسەر سنووری سووریا نۆژەندەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای 10 ساڵ لە تەقاندنەوەی کۆمەڵگەی دەروازەی وەلید لەگەڵ سووریا و داخستنی سنوور، حکومەتی عێراق، کۆمەڵگەی دەروازەکە نۆژەندەکاتەوە دەکاتەوە.
لەیس جبووری، بەڕێوەبەری ناحیەی وەلید لە پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ (شەممە، 24-08-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 کاتێک ناوچەکەی کۆنترۆڵکرد، کۆمەڵگەی وەلید ـی تەقاندەوە، تاوەکو ئێستاش هەر بە خاپووری ماوەتەوە.
ناوی دەروازەکە لە ناوی ناحیەکەوە هاتووە، کە سەر بە قەزای روتبەیە لە سنووری پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق. قەزاکە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا، ئوردن و سعودیە.
بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێ، تاوەکو ئێستا ئەو خاڵە سنوورییە لەگەڵ سووریا هەر بە داخراوی ماوەتەوە. لەبەرامبەردا لە سووریا دەروازەی تەنەف هەیە، کە هێزەکانی ئەمریکا لەوێ جێگیرن.
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی وەلید، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە کۆمەڵگەکە نۆژەن و دروستبکاتەوە، دواتر بڕیاری لە کردنەوەی دەروازەکە دەدرێ لەگەڵ سووریا.