رووداو دیجیتاڵ
لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا سێ بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان لە پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان هەیە.
بێ بەشداری فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد.
شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی شەممە، 24-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پۆستی ئەو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیانەی کە دەرگای بەربژێربوونیان بۆ کرابووەوە و دواتر ئەنجوومەنی پارێزگاری نەینەوا بڕیاری لەسەریاندا،كێشەی یاسایی نییە".
لە رۆژی 30-05-2024ـەوە دەرگای بەربژێربوون بۆ پۆستی قایمقامەکانی تلکێف و تەلەعفەر لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەکانی رەبیعە، مەحلبییە، شۆرە و باشیک کرایەوە و رۆژی 06-06-2024 وادەکە کۆتاییهات. لە 28ی ئاداریشەوە تاوەکو 14ی ئایار دەرگاى خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى قایمقامى شنگال کرایەوە و 10 کەس سیڤیی خۆیان بۆ لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نارد.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: "ئەو هەنگاوەی کە تێیدا قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان هەمان رۆژ لابران و کەسانی دیکە لە شوێنیان دانرا نایاساییە، چونکە دەرفەتی خۆبەربژێربوون نەدرا و ئەوەش زەوتکردنی مافە".
دوای ئەو گۆڕانکاریانە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوو. بەرەی یەکەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە لە بەشێکی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە و لەدوای گۆڕانکارییەکانەوە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنیان هەڵپەساردووە. بەرەی دووەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو کە 16 کورسی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکە لێی.
محەممەد جاسم کاکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رژدین لەسەر ئەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەبارەی گۆڕانکاری پۆستەکانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان جێبەجێ بکرێن، چونکە یاسایی و دەستووریین".
یەکێتی کە دوو کورسیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە، سێ پۆستی وەرگرتووە کە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ و بەرێوەبەری ناحیەی وانکێ. ئەو پۆستانە لە دەست پارتی دیموکراتی کوردستانن کە ئەو گۆڕانکاریانە رەتدەکاتەوە. تاوەکو ئێستاش گۆڕانکارییەکان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گۆڕانکارییەکان نایاسایین و رەتیاندەکەینەوە. لەو رۆژەوەی ئەنجوومەن دەنگی لەسەر گۆڕانکارییەکان داوە، بەشداریمان لە دانیشتنەکەنی ئەنجوومەن هەڵپەساردووە".
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردانی ئێزدی و کوردی شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان 4 ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 2 ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ