دەروازە سنوورییەکانى عێراق بۆ رووداو: سێ ملیۆن و 367 هەزار زیارەتکار هاتوون
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە 18 رۆژدا زیاتر لە سێ ملیۆن و 367 هەزار زیارەتکار بۆ بەشداریکردن لە چلەى ئیمام حوسێن هاتوونەتە نێو عێراق و زیاتر لە دوو ملیۆن و 220 هەزار زیارەتکاریش رۆیشتوونەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 24-08-2024، عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ژمارەى ئەو زیارەتکارە بیانییانەى لە رێگەى دەروازە وشکانی و ئاسمانییەکانەوە لە 6ى ئاب تاوەکو 23ى ئاب هاتوونەتە نێو عێراق زیاتر لە سێ ملیۆن و 367 هەزار و 449 زیارەتکار بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە پێشوازیکردن و بەڕێکردنى زیارەتکاران.
زیارەتکاران لە رێگەی 10 دەروازە دێنە نێو عێراق و هەرێمی کوردستان، کە بریتین لە دەروازەکانی سەفوان، شەلامچە، شیب، زرباتییە، مونزرییە، قائیم، حاجی ئۆمەران، باشماخ، فڕۆکەخانەی بەغدا و نەجەف.
عەلائەدین قەیسی گوتى: "هەر لەو ماوەیەدا ئەو زیارەتکارانەى گەڕاونەتەوە زیاتر لە 2 ملیۆن و 221 هەزار و 70 کەس بوون".
سبەی یەکشەممە 25ی ئاب، یادى چلەى ئیمام حوسێن، سێیەم ئیمامى شیعەکانە و زیارەتکاران لە ناوەوە و دەرەوەى عێراق سەردانى شارى کەربەلا دەکەن، کە مەزارگەى ئەو ئیمامەى لێیە.
گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران هاوردەکردنى خۆراک و کاڵاى دیکەش لە دەروازەکان بەردەوام دەبێت.