راوێژکارێکی سوودانی: لە سێ ساڵدا 2,000 قوتابخانە دروستکراون

 
رووداو دیجیتاڵ 

گۆڕانکاری لە سیستمی خوێندنی عێراق دەکرێت و راوێژکارێکی محەممەد شیاع سوودانیش دەڵێت، گۆڕانکارییەکان ریشەیی دەبن و هەوڵی نەهێشتنی سێ دەوامی-ش دەدرێت.
 
عەدنان سیراج، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پەروەردە و فێرکردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ چاپخانە عێراقییەکان چاپکردنی پەرتووکی سەرجەم قۆناخەکانی خوێندنیان لەئەستۆ گرت. ئەمە یەکەمجارە کارێکی لەو جۆرە بکرێت کە بە سەرکەوتوویی کرا و پەرتووکەکانیش بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشکران. یەکەمجاریشە لە ساڵی 2003ـەوە دابەشکردنی پەرتووکی قوتابخانەکان لە سەرەتای دەوامی قوتابییەکان دەستپێدەکات". 
 
عەدنان سیراج گوتیشی: "لە سێ ساڵی رابردوودا چوار هەزار قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە و دوو هەزار قوتابخانەی نوێش دروست کراون؛ لە هەوڵەکانیشمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو قوتابخانانەش بەردەوامین کە سێ دەوامیان تێدا دەکرێت". 
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، کاری جیدی کراوە بە مەبەستی بایەخدانی زیاتر بە تەندروستیی قوتابیان و لەو چوارچێوەیەشدا "سەرجەم مامۆستایان سەبارەت بە شێوازی پاراستنی تەندروستی قوتابییەکان راهێنانیان پێکراوە. لە ساڵی داهاتوودا هەر قوتابخانەیەک یەکەی تەندروستی تایبەتی تێدا دەبێت".
 
عەدنان سیراج گوتیشی، چەندین گۆڕانکاری دیکەش لە بەرنامەی حکومەتدان و لە ئاییندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێن.
 
21ـی ئەم مانگە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی وەک کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 دیاریکرد.
 
بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی پەروەردەی عێراق، زیاتر لە 26 هەزار قوتابخانەی حکومی لە عێراقدا هەن.