لە یادی چلەی ئیمام حوسێن ئاوازی پۆپ و بیانی لەگەڵ سروودە ئایینییەکان تێکەڵ کراون

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەم ساڵ رێوڕەسمەکانی شیعە جیاوازبوون لە ساڵانی رابردوو، هەر لە جۆری لەخۆدانەوە بگرە، تا نوحە خوێندن، کە قەسیدە و ئاوازی خەمبار لەخۆ دەگرێت.
 
لە نێوخۆی شیعەکان زۆر رەخنە لەو گۆڕانکارییانە دەگیرێت، ئەوەی کە نوحە خوێندن دەبێت حەزین و خەمبار بێت، نەوەک دیجیەی و پۆپ، لەسەر ئاستی رێکخەرانی رێوڕەسم و لێڤەگەڕی شیعی دڵگرانییەک هەیە لەو شتە نوێیانە.
 
وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، گۆرانیی دەنگ بەرز و تێکەڵ بە میوزیکی راپ و بیانی، گەرما و ماندووبوونی لەبیربردوونەتەوە.  
 
یەکێک لەو 13 هەزار کەژاوەیەی کە بۆ چلەی ئیمام حوسێن و عەباسی برای هاتوونەتە کەربەلا چەندین سەماعەی گەورەیان داناوە و تا دەنگی گۆرانییەکانیان بەرز تر بێت، ئازاری زیاتر بە خۆیان دەگەیەنن.  
 
حەسەنین عوێد خەڵکی پارێزگای میسانە و دەڵێت: "ئێمە گوێ لە هەموو شعر و گۆرانییەک دەگرین بەمەرجێک نێوەڕۆکەکەی ئەدەبی تێدا بێت و لەسەر حوسێن بێت، بەڵام وەکو دەزانرێت ئێستا دژایەتیمان دەکرێت و پێمان دەڵێن ئێوە لە رێگاکە دەرچوونە و بوختانمان پێ دەکەن، کەچی ئێمە لەو شتانە دوورین و پرسەی ئێمە بۆ حوسێنە و پرسەی هەموومان یەکە."  
 
بۆ چلەی ئەم ساڵی ئیمام حوسێن، دەیان سروود و گۆران تۆمارکراون کە بەشێکی زۆریان ئاوازی پۆپ و بیانیی تێکەڵ کراوە .
 
ئەگەر چی هەردوو عەتەبەی حوسێنی و عەباسی بەکارهێنانی ئەو جۆرە گۆرانییانەیان قەدەخەکردووە، هێشتا لە شینگێڕان بەکاردەهێنرێن.
 
عەلی بەدری بەرپرسی راگەیاندنی عەتەبەی عەباسی دەڵێت: "ئەو کەژاوانەی پابەند نابن بەو رێکارانەی کە لەلایەن بەشی کەژاوەکانەوە سەپێنراوە، باجەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە و رێگای چوونە ژوورەوەیان پێ نادرێت، دەبێت بەو رێگایە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەین و رێنمایی گشتی هەیە و دەبێت پێوەی پابەند بین کە لەلایەن لێڤەگەری ئایینی و ئیداری بۆ رێکخستنی چوونە ژوورەوە بەبێ بێزارکردنی زیارەتکاران لەناو حەڕەم، دەرکراون."
 
13 هەزار کەژاوەی شینگێڕان، بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن و عەباسی برای، بەپێ و شینگێڕان و لەخۆدان، چوونەتە کەربەلا.