لە بەغدا سێ کەس دەستدرێژی دەکەنە سەر گەنجێک و دواتر دەیکوژن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی بەغدا رایدەگەیێنێت، لە بەغدا سێ کەس دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر کوڕێکی گەنج، دواتر کوشتوویانە و تەرمەکەیان فڕێداوەتە نێو رووبار.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی بەغدا، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 24-08-2023) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "هێزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوان لە مەدائین، سێ کەسیان دەستگیرکرد بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر گەنجێک، ئەو سێ کەسە دواتر گەنجەکەیان کوشتووە و بۆ شاردنەوەی شوێنەواری تاوانەکە و وا پێشاندانی کە خۆی کوشتووە، تەرمەکەیان فڕێداوەتە نێو رووبار."
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی بەغدا روونیکردەوە، "دوای ئەوەی بنکەی پۆلیسی جسر دیالە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی رەوانەی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی مەدائین کرد، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەستیپێکرد، دەرکەوت تاوانلێکراو لەلایەن سێ تۆمەتبار دوای ئەوەی دەستدرێژی سێكسی کراوەتەوە سەری، کوژراوە. تۆمەتبارەکان مادەی هۆشبەریان بەکارهێناوە."
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی بەغدا دەڵێت، دوای گەڕان و پشکنین و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، هەر سێ تۆمەتبارەکە بە بڕێک مادەی هۆشبەرەوە دەستگرکراون، دوای لێکۆڵینەوە دانیان ناوە بەوەی دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر گەنجەکە و دواتر کوشتوویانە. هەروەها مادەی هۆشبەریان کێشاوە و، لە پارێزگای بەغدا بازرگانیان پێوەکردووە.
دوای ئەوەی تۆمەتبارەکان دۆسیەکانیان خرایە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند، دادوەر بڕیاریدا بەپێی مادەی 406ـی یاسای سزادانی عێراق، کە تایبەتە بە کوشتن، دۆسیەیەیان بۆ بکرێتەوە و رابگیرێن.