سەرچاوەیەک بۆ رووداو: چەند لایەنێکی شیعە رێکدەکەون هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ نیسانی 2022 دوابخرێت

24-08-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق
هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەک بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی شاندی باڵای لایەنە شیعەکانی عێراق کۆتاییهات و رێککەوتوون لەسەر "بەشداریی رەوتی سەدر و دواخستنی هەڵبژاردن بۆ مانگی نیسانی 2022."
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی ناو کۆبوونەوەکە کە لە سەرچاوەیەکەوە دەست رووداو کەوتووە، "لایەنەکان رێککەوتن لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ 2022/4/21 و پەرلەمانیش بە 45 رۆژ پێش هەڵبژاردن هەڵبوەشێنرێتەوە."
 
لەلایەکی دیکەوە پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی رەتیدەکاتەوە، لایەنەکان لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو رێککەوتبن. 

گاتع روکابی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ بڕیار و رێککەوتنێک لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن نییە و نەکراوە، ئەوەی دەگوترێت راست نییە، بەڵکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق رایگەیاند، کە سوورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت."

پەرلەمانتارکەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لایەن داوا دەکەن هەڵبژاردن هەڵبژاردن دوابخرێت و دەستکاری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، بەڵام هیچ بڕیارێکی لەم شێوەیە نەدراوە، تەنانەت ئەو لایەنانەی کە بایکۆتی هەڵبژاردنیشیان کردووە، بەربژێرەکانیان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان نە کشاندووەتەوە.
 
هەروەها پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی سائیروون رەتیدەکاتەوە، رێککەوتن لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن کرابێت. جواد عەبدکازم موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون کە لەلایەن موقتەدا سەدر پشتیوانی دەکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،  رێککەوتن لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن نەکراوە، بەڵام بڕیارە دوو بۆ سێ رۆژی دیکە کۆبوونەوەیەکی یەکلاییکەرەوەی لایەنە سیاسییەکان بکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە. 
 
سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەی شەوی 17-08-2021  نێوان سەرۆکی هاوپەیمانی و چەند لایەنێکی شیعە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا داواکراوە هەڵبژاردن بۆ 21ی نیسانی 2022 دوابخرێت."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق لە 10-10-2021 بەڕێوەبچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نزیکەی 25 پارت و هاوپەیمانی کشانەوەیان لە هەڵبژاردنەکە راگەیاندووە. دیارترین ئەو لایەنانەی کە کشاونەتەوە پێکهاتوون لە رەوتی سەدر، مینبەری عێراق، بەرەی دیالۆگی نیشتمانی و حیزبی شیوعیی عێراقی.




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە