قایمقامی سامەڕا: رەوشی ئاسایشی شارۆچكەی سامەڕا ئارامە

24-08-2015
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن سامەڕا
A+ A-

رووداو ـ هەولێر

قایمقامی شارۆچكەی سامەڕا رایگەیاند:" رۆژی دووشەممە 24-8-2015 رەوشی ئەمنی شارۆچكەی سامەڕا كەمێك ئارامەو هیچ پێكدادانێكى لە نێوان چەكدارانی سەربەڕێكخراوی داعش و هێزە ئەمنییەكان بەخۆیەوە نەبینیوە".


مەحمود خەڵەف، قایمقامی شارۆچكەی سامەڕا بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" سەرەڕای پێكدادانەكانی چەند رۆژی رابردوو لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و چەكدارانی داعش بە تایبەتی لە رۆژئاوای شارۆچكەكە، بەڵام رەوشی ئەمنی سامەڕا تاڕادەیەك ئارامەو زۆربەی ناوچەكانیش بەدەست هێزە ئەمنییەكانەوەیە، بەتایبەتی ناوچەكانی دەرەوەی سنووری سامەڕا بەرەو شارۆچكەو شارەدێكانی دیكە".

خەڵەف گوتیشی: "ئەمڕۆ هیچ پێكدادانێك لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و چەكدارانی داعش رووینەداوە، بەڵام هێزە ئەمنییەكان لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەرهێرشێكی چەكدارانی داعش لە ناوچەكە".

مەحمود خەڵەف هەروەها دەڵێت: "دوێنێ يەكشەممە 23 ى ئابى 2015 فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سامەڕا دوای رووبەڕووبوونەوەیەكی توند لەگەڵ چەكدارانی داعش لەو رۆژئاوای سامەڕا ئاڵای عێراقیان لە شەقامی شەریف عەباس لەسەر هێڵی لاین هەڵكرد، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی 9 جەلیكانی پڕ لە مادەی تەقێنەرو 40 بۆمبی چێندراو و تەقاندنەوەی 2 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو". 

20 ئابی 2015 گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی دوورگەی سامەڕا بە ئاراستەی هێڵی لاین بە سەركردایەتی هێزە وشكانییەكان و بە بەشداریی فەرماندەیی سامەڕاو پۆلیسی ئیتیحادی و فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق جێبەجێكراو لەئاكامدا زیانێكی گیانی و ماددی زۆریشيان بە چەكدارانی داعش گەیاند".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە