چوار لە تۆمەتبارانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئازادکران

24-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

چوار لەو کەسانەی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرابوون، بە بڕیاری دادگەیەکی بەغدا ئازادکران، قایمقامی قەزای چەمچەماڵیش دەڵێت "لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر کۆرمۆر درابووە لیژنەیەکی هاوبەشی عێراق و هەرێمی کوردستان."
 
بەپێی بەڵگەنامەیەک، کە دوێنێ سێشەممە، 23ـی ئەم مانگە لە دادگەی تاوانەکانی ناوەندیی سەر بە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی رەسافەی بەغدا دەرچووە، دادگەکە بڕیاری ئازادکردنی چوار کەسی دەرکرد کە تۆمەتبارن بە هێرشەکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی.
 
 ئەو کەسانەی ئازادکراون لە هێزەکانی حەشدی شەعبین و لەو هێزەدا بەرپرسیاریێتییان هەیە، نیشتەجێی پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەدینن.
 
دادگەکە دەڵێت بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، ئەو تۆمەتانەی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ـی ساڵی 2005 دراوەتە پاڵ ئەو چوار کەسە، هەڵدەوەشێتەوە و ئازاد دەکرێن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، 11 کەس لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق دەستگیرکران.
 

ئەوانەی ئازادکراون پێکدێن لە:
 
- موحسین سەلمان مەجید حەسەن
- عەلی جەعفەر مستەفا شەهبار
- محەممەد هاشم کازم ئیبراهیم
- عەباس جاسم محەممەد عەلی
 
ئەو چوار کەسە دوای ئازادکردنیان لەلایەن بەشێک لە سەرکردە و بەرپرسانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەدینەوە پێشوازییان لێکرا، هەر یەک لە عەلی جەعفەر لەلایەن مورتەزا عەباس ئامر فەوجی مەغاویر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی باکووری حەشدی شەعبی، ئەحمەد ئەسعەد جابرلی، فەرماندەی لیوای 63ـی حەشدی شەعبی، عاتف نەجار، سەرۆکی لیژنەی حەشدی شەعبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە پێشوازی ئەو چوار کەسەدا بوون. 
 
بڕگەی یەکی مادەی چواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق، باسی سزای لەسێدارەدان دەکات بۆ ئەوانەی کە کەسی سەرەکی یان هاوبەش بن لە کردەوە تیرۆریستییەکان.
 
هەرچی ئەو بڕگانەیە کە دادگەکە ئاماژەی بۆ کردووە و لە مادەی دوودا هەن، سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانەیە کە:
 
- تووندوتیژی یان هەڕەشە بکات، یان ژیانی خەڵک و موڵکەکانیان بخاتە مەترسییەوە.
- سەرۆکایەتیی مافیایەکی چەکداری تیرۆریستی بکات و پلان دابڕێژێت و کاری تیرۆریستی بکات.
- ئامێری تەقینەوە یان سووتێنەری بەکارهێنابێت بۆ کوشتنی خەڵک و بتوانێت ترس و دڵەڕاوکێ بخاتە ژیانی خەڵکەوە.
 
ئەمساڵ چەند جارێک هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، هێرشەکان بە مووشەک و درۆن بوون، لەوانە هێرشەکانی 25ـی کانوونی دووەم و 26ـی نیسان، ئەو کەسانەی دەستگیرکراوبوون و ئازادکراون، بەهۆی هێرشەکەی 26ـی نیسانی ئەمساڵ بووە، کە کوژرانی 4 کارمەندی کێڵگەکەی لێکەوتەوە.
 

رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت ئەوان ئاگاداری وردەکاریی لێکۆڵینەوە و ئازادکردنی ئەو کەسانە نین، گوتیشی "لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە هاوبەش لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر کۆرمۆر، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردبوو، بەڵام وردەکارییەکەی نازانین."
 
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن، پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
 
رووبەری کێڵگەی کۆرمۆر نزیکەی 135 کیلۆمەتر دووجایە؛ گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازە لە عێراق. یەدەگەکەی بە سەرووی 8.2 تریلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.