ئەمریکا و عێراق: هێزە ئەمنییە کوردییەکان بەشێک دەبن لە پاراستنی سەروەری و سەقامگیری

رووداو دیجیتاڵ 

شاندی بەرگریی عێراق و ئەمریکا لە واشنتن کۆبوونەوە و بڕیاریان دا هەردوولا پابەندی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بن. هەروەها بڕیاریان دا هێزە ئەمنییە کوردییەکانیش بەشێک بن لە پاراستنی سەروەری و سەقامگیری. لە کۆبوونەوەکەدا ستایشی قوربانییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا کرا.
 
رۆژی چوارشەممە 24-07-2024، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند "لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە واشنتن، دووەمین کۆبوونەوەی دیالۆگی هاریکاریی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان ئەمریکا و عێراقیان بەڕێوەبرد. دوو وەزیرەکە پابەندبوونی خۆیان بە هاوکاریی ئەمنیی و بەرژەوەندیی هاوبەشیان لە سەقامگیریی ناوچەکە دووپاتکردەوە."
 
وەزارەتی بەرگری هەروەها بڵاویکردەوە، دوو وڵاتەکە پابەندبوونی خۆیان بۆ کارکردن لەگەڵ یەکدی بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی عێراق و بەزاندنی داعش دووپات کردەوە. لەماوەی یەکەم کۆبوونەوەی هاریکاریی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان ئەمریکا و عێراق، هەردوولا بڕیاریان دا لیژنەیەکی باڵای سەربازی دوولایەنە دابمەزرێنن بۆ شرۆڤەکردنی سێ خاڵ؛ هەڕەشەکانی داعش، پێداویستیی ئۆپەراسیۆنەکان و ئاستی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق. ئەم خاڵانەش لەپێناو دیاریکردنی داهاتووی سەربازە نێودەوڵەتییەکان بوون.
 
هەروەک پێنتاگۆن ئاماژەی پێداوە، ئەمریکا و عێراق بەنیازن بەردەوام بن لە راوێژکارییەکانی نێوانیان سەبارەت بە پتەوکردنی هاوکاریی دووقۆڵی، ئەمەش بۆ فەراهەمکردنی شکستی هەمیشەیی داعش. 
 
لە کۆبوونەوەکە، لیژنەی باڵای ئەمنی ئاماژەی بە دەستکەوتە مێژووییەکانی هاوپەیمانی لە عێراق کرد و رێزی لە ملیۆنان قوربانیی دەستی داعش گرت. ئەم قوربانیانەش بریتین لە سەدان هەزار کەس کە لە هەڵمەتی تێکشکاندنی داعش لە عێراقدا کوژران و برینداربوون، هەروەها ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەوانەش پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکان لە سەرانسەری جیهان بە ئەمریکاشەوە. 
 
هەردوولا گرنگیی بەردەوامیی عێراقیان لە پاڵپشتی هاوپەیمانی جیهانی بۆ شکستپێهێنانی داعش لە سووریا و لە سەرانسەری جیهان دووپاتکردەوە.
 
پێنتاگۆن رایگەیاند، دوو شاندەکە هەوڵەکانی خۆیان بۆ برەودان بە ئاسایشی عێراق و توانا بەرگرییەکان دووپات کردەوە. ئەو کۆبوونەوەیەش لەسەر سەردانەکەی مانگی نیسانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا بونیاد نرا.
 
عێراق و ئەمریکا هاوڕا بوون لەسەر دەستپێکردنی "قۆناخێکی نوێ"ـی هەماهەنگیی ئەمنی کە هەریەک لە راهێنان، پەیوەندی و چاککردنەوە لەخۆدەگرێت. هەردوو لایەنەکە هەروەها جەختیان لەسەر پەروەردەی سەربازیی پیشەگەرانە و راهێنانی سەربازیی هاوبەش کردەوە. 
 
پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەش دا، دوو وڵاتەکە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ دەستپێکردنی ئەو هەماهەنگییە ئەمنییە نوێیە واژۆ دەکەن. عێراق و ئەمریکا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە بە زوویی ئەو ئاوارە و زیندانییانەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریان، بۆ وڵاتانی خۆیان بگەڕێندرێنەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێنەوە، "ئەمەش خاڵێکی گرنگی هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی داعشە."
 
لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەرانی عێراق پابەندیی وڵاتەکەیان بە پاراستنی راوێژکارانی بیانی و دیپلۆماتەکانیان دووپاتکردەوە و دوو وڵاتەکە بڕیاریانداوە هێزە ئەمنییە کوردییەکانیش بەشێک بن لە پاراستنی سەروەری و سەقامگیری. دوو شاندەکە هەروەها جەختیان لەوە کردەوە راوێژکارانی نێودەوڵەتی لەسەر بانگهێشتی عێراق و بۆ پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەوێن.