لە عێراق ئەو شوێنانە دادەخرێن سەرپێچییان کردووەتە سەر موڵکی گشتی

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
زیاد ئیسماعیل
دیمەنێک لە ئاگرەکەی بازاڕی شۆرجەی بەغدا
دیمەنێک لە ئاگرەکەی بازاڕی شۆرجەی بەغدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی شۆرجەی بەغدا هەڵمەتێکی چڕی بەرگریی شارستانیی بەدواداهات بۆ داخستنی ئەو شوێنانەی سەرپێچییان کردووە. لە چوار رۆژدا، نزیکەی 500 شوێن داخران. هەندێک بەو هەڵمەتە دڵخۆش و هەندێکیش ناڕازین.
 
عەلی کازم، بازرگان دەڵێت: "کە ئەم دووکانە دادەخرێت تەنها بەڕووی بازرگانەکان داناخرێت، بەڵکو بەڕووی ژمێریار، کرێکار و حەمباڵەکانیش دادەخرێت، رزقیان دەبڕدرێت. تکایان لێدەکەین پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیان بکەن پێش داخستنی هەر شوێنێک". 
 
حەیدەر غەڕاوی، بازرگانە و بە رووداوی گوت: "ئەم باڵەخانەیەی دەیبینن، زۆربەی دووکانەکان پابەندن بە یاسای سەلامەتی. بوونەتە قوربانیی هەندێک سەرپێچیکاری مەرجەکانی سەلامەتی".
 
بازاڕی شۆرجە گەورەترین ناوەندی بازرگانیی عێراقە و بەردەوام جمەی دێت لە خەڵک. کۆنی و زۆریی سەرپێچی لەو بازاڕە، هۆکاری زۆرینەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەیە. تەنانەت کۆنترۆڵکردنیشیان ئاسان نییە. 
 
حوسێن عەباس لە بازاڕی شۆرجەی بەغدا دووکانی هەیە و باسی لەوە کرد: "راشکاوانە بڵێم هەڵمەتەکە باشە و خراپیشە. باشە لەبەر ئەو دووکان و باڵەخانانەی گڕدەگرن، چونکە زیانەکانی هەزاران دۆلار دەبێت، خراپیشە چونکە بژێویی خەڵک دەبڕێت. راستە هەیە سەرپێچی دەکات، بەڵام هەشە سەرپێچی ناکات و بەهۆی سەرپێچیکارەوە ستەمی لێدەکرێت".
 
هەڵمەتەکە بە تەنها بەغدا ناگرێتەوە. بەرگریی شارستانیی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش راسپێردراون لە رۆژانی داهاتوودا هەمان هەڵمەت دەستپێبکەن، ئاگادارکردنەوە، پێبژاردن و داخستنی شوێنەکان بەسەر سەرپێچیکارن بسەپێنن. 
 
لیوا موحسین زاملی، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق دەڵێت: "سەرپێچیکاران دەستنیشانکران و سەرپێچییەکانیش دیاریکران، ئەوانەی تایبەتە بە مەرجی سەلامەتی لە کارەبا، مەرجی هەڵگرتن و سیستمی ئاگرکوژێنەوە، ئەمانە مەرجی سەلامەتین، سوپاس بۆ خوا لە هەڵەمەتی گەڕانی ئەمڕۆ لە بازاڕی عەرەبی، لەڕاستیدا سەرپێچیکارانمان بینی و لێپێچینەوەی یاساییمان لەگەڵ کردن".
 
هەفتەی رابردوو ژمارەیەک کۆگەی بازرگانی لە بازاڕی شۆرجەی بەغدا بەهۆی شۆرتی کارەباوە سووتان. نزیکەی نیو ملیۆن دۆلار زیانی مادی لێکەوتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە