رووداو دیجیتاڵ
شاندی باڵای سەربازیی ئەمریکا و عێراق لە باڵەخانەی پێنتاگۆن لە ڤێرجینیا کۆبوونەوە، شاندی عێراق پێشنیازی بۆ لایەنی ئەمریکی کردووە لە ئەیلوولی ئەم ساڵەوە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستپێبکات.
لۆید ئوستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "هەڕەشەی داعش و ئایدیۆلۆژیاکەی لە ماوەی دەیەی رابردوودا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا داعش بەردەوامە لە پلانی هێرشکردن لە ناوچەکەدا. بۆیە ئێمەش دەبێت خۆمان لەگەڵ گۆڕانکاریی هەڕەشەکان بگونجێنین."
شاندی عێراق پێشنیازی ئەوەی بۆ لایەنی ئەمریکی هەیە کە لە ئەیلوولی ئەم ساڵەوە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستپێبکات و تاوەکو ئەیلوولی 2025 تەواوی هێزەکانی بکشێنەوە، بەڵام ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیی ئەمریکا دەمێننەوە.
ئۆستن گوتی، "خۆشحاڵم هەردوو حکومەت چوارچێوەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان دەگۆڕن بۆ هاوبەشییەکی درێژخایەنی نێوان عێراق، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانێتییەکە."
ئەمریکا پاڵپشتیکارێکی گەورەی سەربازیی عێراقە و لە ساڵی 2012ەوە بایی 3.5 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی بۆ دابینکردووە.
لە ساڵی 2014یشەوە 3.6 ملیار دۆلار هاوکاری مرۆیی بۆ عێراق دابینکردووە بەمەبەستی ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە شەڕی داعش زیانیان بەرکەوتووە.
سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق دەڵێت، "سوپاس بۆ هەردوو شاندەکە کە لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا کاری زۆریان کردووە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەی بۆمان دیاریکرابوو. هەردوو شاندەکە هەوڵی زۆریان داوە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو کە قۆناخی راگوزەرە. دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە عێراق رێزێکی زۆری بۆ هاوبەشیی ئەمریکا هەیە، بەتایبەتی وەزارەتی بەرگری."
شاندەکەی عێراق لە نوێنەرانی وەزارەتی بەرگری، دەزگای دژە تیرۆر و وەزارەتی پێشمەرگە پێکهاتوون.
ئەمریکا دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە عێراق هەن و ئەوانیش لە سێ بنکەی سەربازی عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ