هاکان فیدان: پەکەکە وەکو شێرپەنجە بە هەموو عێراقدا بڵاوبووەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پەکەکە "وەکو شێرپەنجە" بە هەموو عێراقدا بڵاوبووەتەوە و "بووەتە کێشەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق."

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 24-7-2024، لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا بۆ کەناڵێکی عەرەبی قسەی کرد، وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا، عێراق و ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی دایەوە.
 
سەبارەت بە جموجووڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەرێمی کوردستان و عێراق، فیدان گوتی: "پەکەکە وەکو شێرپەنجە بە هەموو عێراقدا بڵاوبووەتەوە. ئیدی ئەمە لەوە دەرچوو کە تەنیا کێشەی ئێمە بێت و بووەتە کێشەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق".
 
هاکان فیدان هەروەها باسی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی لە بابەتی بووژاندنەوە و گەشەپێدانی عێراق کرد و گوتی: "تورکیا سیاسەتی گەشەپێدانی عێراق بە لەپێشینە دەزانێت. هەروەها پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانیش یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانە و تورکیا تاوەکو کۆتایی پشتیوانی لەو پرۆژەیە و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران دەکات".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە بوونی تورکیا لە خاکی سووریا و بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە فیدان بە پەکەکە ناوی دەبات، گوتی: "پێویستە سووریا لە تیرۆریزم پاک بکرێتەوە. بەتایبەتی کە پەکەکە لەوێ خاکی عەرەبەکانی داگیرکردووە و دەستی بەسەر بیرەنەوتەکاندا گرتووە. پێویستە شەڕی پەکەکە/یەپەگە بکەین و ئەو بیرە نەوتانە و سەرچاوەکانی وزەی لێ بسەنینەوە و رادەستی خەڵکی سووریایان بکەینەوە".
 
لەبارەی دیداری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا و مەرجی شام لەسەر ئەنقەرە کە جێی باسە، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "سەرۆککۆمارمان داوایەکی بۆ دیدار کرد. ئێمەش کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین. ئێستا زووە شت لەسەر ئەمە بڵێم، بەڵام منیش کاری لەسەر دەکەم. تاوەکو ئێستا هیچ مەرجێک بۆ ئێمە دانەنراوە. چەند کێشەیەک هەیە کە ئێمە دەیانخەینە سەر مێز و ئەوانیش بە هەمان شێوە چەند کێشەیەک دەخەنە بەر باس. ئەگەر لە ئێستاوە مەرج لەسەر یەکدی دابنێین، دیدارەکە مانایەکی نابێت. دیدار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانە بە شێوەیەکی مەدەنی. ئێمە وڵاتێکی بەهێزین و لە بێچارەییمان نییە کە بەتەنگ ئەم دیدارەوەین. واتا دەمانەوێت جگە لە هێز، هەژموونی دیپلۆماسیمان و پێویستیی ناوچەکە بە ئاشتی بەکاربهێنین".
 
لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، تورکیا سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق پچڕاند، بەڵام لە ساڵی 2021، تورکیا دەستی بە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق کردەوە. لە تشرینی یەکەمی 2021 وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا لە بولگاریا کۆبوونەوە. لە مانگی ئەیلوولیش بە سەرپەرشتیی وەزیری بەرگریی رووسیا، هەردوو وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق

لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی شێوازی هەڵسوکەوتی پەرلەمانتارانی عێراق پێکهێنرا

پەرلەمانى عێراق لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ نووسینەوە و ئامادەکردنى بنەماکانى ئاکارى مامەڵەى پەرلەمانتارەکانى. ئەندامێکى لیژنەى یاسایی دەڵێت، ئەو بنەمایانە بۆ نێوخۆ و دەرەوەی پەرلەمان دەبن.