سوودانی بۆ دەزگا ئەمنییەکان: لە راهێنانە سەربازییەکاندا سووکایەتی و تووندوتیژی بەکارمەهێنن


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوا دەکات لەکاتی مەشق و راهێنانە سەربازییەکان تووندوتیژیی جەستەیی بەرامبەر راهێندراوان نەکرێت و شکۆیان بپارێزرێت. ئەندامێکی لیژنەی بەرگری و ئاسایش دەڵێت: "بڕیارەکە دوای داواکارییەکی ئێمە دێت."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە رێگەی سکرتێری تایبەتیی خۆیەوە بە نووسراوێک کە رۆژی چوارشەممە، 24ـی تەممووز بۆ وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، دەزگاکانی دژەتیرۆر، هەواڵگری، ئاسایشی نیشتمانی و حەشدی شەعبی ناردووە، داوایان لێدەکات مامەڵەی باش لەگەڵ راهێندراوان لە کۆلێژ و دامەزراوەکانی مەشق و راهێنان و لە خولە جیاوازەکاندا بکرێت.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "چاودێریی ئەو حاڵەتانە بکەن کە تێیدا زێدەڕۆیی لە مامەڵەی ئەفسەران لەگەڵ راهێندراوان و سەربازەکان دەکرێت، با مامەڵەکە نەگاتە ئاستی سووکایەتی بە شکۆیان و زێدەڕۆیی لە تووندوتیژیی جەستەیی کە هەندێکجار دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی جەستەیی یان کشانەوە لە خولەکە و دەستبەرداربوون لە کار."
 
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوای لە فەرماندە و راگری کۆلێژەکان کردووە، چاودێریی ئەو حاڵەتانە بکەن و ئەو کەسانەش سزا بدات کە کەمتەرخەمن، چونکە وەکو لە نووسراوەکەدا هاتووە: "مرۆڤایەتی بەرزترین شتە لە کەسایەتیی عێراقی کە چاوەڕوانیی بوون بە سەرکردەی داهاتوویان لێدەکرێت."
 
تاڵیب یەساری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئێمە پێشتر سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانمان لە ژمارەیەک مامەڵە و رەفتاری خراپی بەشێک لە سەرکردە و مامۆستایانی زانکۆ و کۆلێژە سەربازییەکان ئاگادار کردەوە، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆیی."
 
پێشتر هەندێک لەو راهێنانە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکرانەوە، کە تووندتیژییان تێدا بەکاردەهێندرێت، بەشێک لە خوێندکارانیش گلەیی خراپ مامەڵەی بەشێک لە مامۆستایانیان گەیاندبووە وەزیری بەرگریی عێراق.