لە دادگەى باڵای فیدراڵی سکاڵا لەسەر دەسەڵاتی ئەنجوومەنى شووراى هەرێمى کوردستان تۆمار دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکى عێراق لە دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵا لە دژى دوو مادەى یاساى ئەنجوومەنى شوراى هەرێمى کوردستان تۆمار دەکات، کە تایبەتن بە دەسەڵاتى دادگەى کارگێڕی بۆ تاوتوێکردنى دۆسیەکان.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق 28ـى تەممووزى دیاریکردووە بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەک لەدژى چەند دەسەڵاتێکى ئەنجوومەنى شوراى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە. سکاڵاکە لەلایەن بڕیار رەشید، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى تۆمارکراوە لە دژى دوو مادەى یاساى ئەو ئەنجوومەنە.
 
یەکێک لە مادە تانە لێدراوەکان باس لەوە دەکات، دادگەى کارگێڕى تایبمەتمەندە بە تاوتوێکردنى سکاڵاکانى پەیوەست بە رەگەزنامە، ئەوى دیکەیان ئەوەیە دادگەکە تایبەتمەند نییە بۆ تاوتوێکردنى سکاڵاکانى پەیوەست بە کارى سەروەرى، کە لە دەسەڵاتى سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا هاتووە. 
 
ئەو پرسە سەروەرییانە لە مادەى 10ـى یاساى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان هاتوون، تایبەتن بە تانەدان لە یاساکان، دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردن، بانگهێشتکردنى پەرلەمانى نوێ بۆ یەکەم کۆبوونەوە، دەسەڵاتى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان لە چەند دۆخێکى تایبەتدا.
 
شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە 27ـى ئایارەوە لەلایەن دادگەى فیدراڵییەوە ئاگادارینامەیان بۆ هاتووە لەسەر ئەو سکاڵایە، بەڵام بۆ وادەى یەکەم کۆبوونەوە ئاگادار نەکراونەتەوە.
 
لە سکاڵاکەدا داواکراوە هەموارى یەکەمى یاساى ئەنجوومەنى شوورای هەرێمى کوردستان بە نادەستووریى بناسێندرێت کە ساڵى 2022 لە پەرلەمان هەموار کراوە، هەروەها داوا کراوە فەرمانسالارییەک بۆ راگرتنى کارکردن بەو هەموارە دەربکرێت تاوەکو سکڵاکە یەکلادەکرێتەوە.