پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی چییە؟ رێگە بە دوورخستنەوە و نیو مووچە دەدات
رووداو هەولێر
پڕۆژەیاساى دەستەى حەشدی شەعبی رێگە بە دوورخستنەوەى کارمەندانى لەلایەن سەرۆکى دەستەکە و خانەنشینکردنیان، یان پێدانی نیو مووچە دەدات، هەروەها پەیامدەرى ئاینى لەو هێزە دادەمەزرێندرێت و هەرکەسێک پێش دەرچوونى یاساکە پەیوەندیی بەو هێزەوە کردبێت، لە مەرجى تەمەن دەبەخشرێت.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 24ـی تەممووزی 2024) پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژەیاسای "خزمەت و خانەنشینى موجاهیدەکانی دەستەى حەشدی شەعبی" کرد. پڕۆژەیاساکە چەکدارانى حەشدی شەعبی بەگوێرەى پلە و ئەرکەکانیان بە "خۆبەخش، موجاهید و سەرباز" ناوبردووە.
بەپێی پرۆژەیاساکە دامەزراندنى چەکدارانى حەشدی شەعبی، بەرزکردنەوەى پلەیان، رەزامەندیى دەستلەکارکێشانەوەیان، خانەنشینکردنیان و گەڕاندنەوەیان بۆ خزمەت، بە رەزامەندیی سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی دەبێت.
ئەو کەسەى داواکاریى وەرگرتن پێشکێش بە حەشدی شەعبی دەکات، دەبێت تەمەنى لە 18 ساڵ کەمتر و لە 30 ساڵ زیاتر نەبێت، لانیکەم بڕوانامەى سەرەتایی هەبێت، بەڵام ئەو کەسانە لە مەرجى تەمەن و بڕوانامە دەبەخشرێن، کە بەر لە دەرچوونى یاساکە لە حەشدی شەعبیدا بوون.
پڕۆژەیاساکە، دەسەڵات بە سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبى دەدات، کارمەندى ئەو دەستەیە بخاتە لیستى نیو مووچەوە، وەک سزا لەسەر بنەماى راپۆرتى فەرماندەکەی، کە دەربکەوێت ئاکارى باش نەبووە، یان نەتوانێت ئەرکەکانى جێبەجێ بکات یان لە یەکێک لە خولەکانى حەشدی شەعبی دەرنەچووبێت، نابێت هیچ ئەفسەرێک زیاتر لە شەش مانگ لە لیستى نیو مووچەدا بمێنێتەوە و دەبێت خانەنشین بکرێت.
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "لەدواى خوێندنەوەى یەکەم، تێبنییەکان لەسەر ناوەڕۆکى پڕۆژەیاساکە کۆدەکرێنەوە، نەک هەر کورد و سوننە، بەشێک لە شیعەکانیش تێبینییان لەسەر پڕۆژەیاساکە هەیە."
یەکێک لەو پلانەى لە پڕۆژەیاساکە داندراوە بە ناوى "پەیامدەر"ـە، کە دەبێت بڕوانامەى زانستی شەرعی، یان ئایینى یان هاوشێوەکانى هەبێت.
بەگوێرەى خشتەى بودجەی 2024ـی عێراق، دەستەى حەشدی شەعبی زیاتر لە 238 هەزار کارمەندى هەیە.
یاساکە رێگە دەدات بەوەى کەسێک بە سێ ساڵ خزمەتەوە خانەنشین بکرێت، ئەگەر تەمەنى گەیشتبێتە خانەنشین بوون، ئەوەش لەسەر داواى سەرۆکى دەستەکە و رەزامەندیی سەرۆکوەزیران.
سەرۆکى دەستەکە بۆى هەیە کارمەندانى حەشدی شەعبی خانەنشین بکات ئەگەر لەسەر داواى خۆى بێت، یان سەلمێندرا "بێتوانایە" یان پابەند نەبووە بە رێکارەکانى کارکردنەوە.
سەگڤان سندى گوتى "پێکهاتەى حەشدی شەعبی بەگوێرەى یاساکە جیاوازە لە هێزە ئەمنییەکانى دیکە و دەسەڵاتى زیاترى هەیە."
پڕۆژەیاساکە رێگە بە چەکدارانى حەشدی شەعبی نادات دەستلەکاربکێشنەوە ئەگەر لە دۆخى جەنگ، بارى لەناکاو، گرژیی ئەمنیدا بن، یان کەسە لەژێر لێکۆڵینەوەدا بێت.
هەر کارمەندێکى حەشدی شەعبی لە شەڕدا بکوژرێت، مووچەى دوو ساڵى تەواو دەدرێتە واریسەکەى، ئیمتیازاتەکانى ئەو یاسایە بەسەر ئەو کەسانەشدا جێبەجێدەبێت، کە بەر لە دەرکردنى یاساکە بریندار، کەمئەندام بوون و خانەنشینکراون.
پڕۆژە یاساکە هەشت دۆخى دیاری کردووە کە ئەگەر کارمەندى حەشەدی شەعبی تێیدا گیان لەدەستبدات بە شەهید هەژمار دەکرێت، لەوانە ئەگەر لە مۆڵەتى ئاساییدا بێت و لەلایەن هێزى دژبەرەوە بکوژرێت.
تێکڕاى بودجەى دەستەى حەشدی شەعبی لە خشتەى بودجەى 2024 دەگاتە زیاتر لە 4.3 تریلیۆن دینار.
سندووقێک بە ناوى شەهیدان و بریندارانى حەشدی شەعبی دادەنرێت، کە یەک ملیۆن دینار دەداتە واریسی ئەوانەى خێزاندار بوون، لەگەڵ 500 هەزار دینار بۆ ئەوانەى هاوسەرگیرییان نەکردووە.
حەشدى شەعبی لە 16ـی حوزەیرانى 2014 و لەسەر داواى مەرجەعى شیعەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەى چەکدارانى داعش دامەزرا.