سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: داوای هاتنی هیچ هێزێک نەکراوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند هیچ عێراقییەک لەنێو ئەو چەکدار و لایەنگرانەی داعشدا نییە، کە ئەم هەفتەیە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات ئازاد کران.
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەبارەی ئەو مەترسییانەی دوای ئازادکردنی سەدان چەکدار لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاوبوونەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمڕۆ بۆ ئەو بابەتە لە ئەنجوومەنی پارێزگا میوانداریی ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنیمان کرد، پێیان راگەیاندین دوای پەیوەندیی هەواڵگریی عێراق لەگەڵ هەواڵگریی هێزەکانی سووریا دیموکرات، دەرکەوت هیچ عێراقییەک لەنێو ئەو کەسانەدا نییە کە ئازادکراون، جگە لەوەش زۆرینەی ئەوانەی رزگارکراون، نەخۆش و پەککەوتەن."
 
سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە پشتبەستن بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکە گوتی "دوێنێ، هەواڵێک لەلایەن ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا بڵاوکراوەتەوە، گوایە بەشێک لەوانەی لەلایەن هەسەدەوە ئازادکراون عێراقین، بەڵام هەڵەیەک روویداوە و دەرکەوت هیچیان عێراقی نین."
 
بە گوتەی کاکەیی لە پارێزگای نەینەوا، 70 هەزار هێزی چەکدار لە سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی هەن.
 
لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوەش کراوە هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بکرێت بۆ هەر مەترسییەک کە بەگوتەی ئەو "ئێستا نییە." 
 
گوتیشی "داوای هیچ هێزێکی ئەمنیمان نەکردووە، داواش ناکرێت، بەڵام لە دوێنێوە لەو فیرقە و لیوا و هێزانەی لە پارێزگای نەینەوا هەیە، بەتایبەت لە سنوور لەگەڵ سووریا رێکارەکان تووندوتۆڵتر کراون."
 
لە 21ـی تەممووزی 2024 هێزەکانى سووریا دیموکرات لێبووردنى گشتیى بۆ زیاتر لە هەزار و 200 کەس دەکرد، کە دەگوترێت بەشێکیان ئەندامی رێکخراوی داعشن، وا بڵاوکرایەوە بەشێکیان عێراقین، دوای ئەوە مەترسیی هێرشی داعش بۆ سەر نەینەوا لە بەشێک لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکرایەوە و هۆشداری لەو هەنگاوەی هەسەدە درا.