بۆ ماوەی سێ ساڵ 2.3 ملیۆن قوتابی و خوێندکار لە عێراق هاوکاریی دارایی دەکرێن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوکاریکردنی قوتابی و خوێندکارانی کەمدەرامەت لە قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکات.
 
نەجم عوقابی، گوتەبێژی وەزارەتەکە رۆژی 24-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو ملیۆن و 300 هەزار قوتابی و خوێندکار لە قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان لەو پڕۆژەیە سوودمەندن و هاوکاریی دارایی دەکرێن."
 
بەگوێرەی پڕۆژەکە، قوتابیی سەرەتایی 30 هەزار دینار، ناوەندی و ئامادەیی 50 هەزار دینار، خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان 100 هەزار دینار، خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا 150 هەزار دیناریان وەکو هاوکاری پێدەدرێت.
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق گوتی، "هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە."
 
عوقابی ئاماژەی بەوە کرد، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دوێنێ بڕیاری داوە پارەی 6 مانگی رابردووی خوێندکارانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خەرج بکرێت.
 
هەروەها پارەی قوتابییانی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی لە مانگی ئادارەوە خەرج دەکرێت، ئەوەش دوای تەواوکردنی رێکارەکانی پارەدارکردنیان. پارەکە لەگەڵ مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی مانگی ئاب لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا خەرج دەکرێت.
 
بەگوێرەی رێنوێنییەکان، خەرجکردنی ئەو هاوکارییە، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە کەمدەرامەتن و خێزانەکانیان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە.
 
پڕۆژەکە بەو جۆرەیە، سێ ساڵ پارەکە بۆ قوتابی و خوێندکارەکان خەرج دەکرێت، دەبێت قوتابی یان خوێندکارەکە دەوام بکات و لە وانەکانی نەکەوێت. ئەگەر قوتابییەک یان خوێندکارێک لە مانگێکدا سێ رۆژ دەوامی نەکرد، پارەکەی دەبڕدرێت.
 
هەموو قوتابییانی خێزانێک پارەکە دەیانگرێتەوە. وەزارەتی پەروەردەی عێراق پێیوایە پێدانی ئەو پارەیە وازهێنان لە خوێندن و کەوتن کەمدەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق

یاسای لێخۆشبوونی گشتی؛ سێ دێڕ و سێ ساڵ مشتومڕ

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای لیخۆشبوونی گشتی دەکات، کە تەنیا یەک بڕگەیە. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی دەڵێت بەشێک لەو کەسانەی ئێستا لە زیندانەکانن، بە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە ئازاد دەکرێن.