رووداو دیجیتاڵ
گرووپی نوجەبا کە یەکێکە لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق رایگەیاند، "جیاکاری ناکەین لەنێوان راوێژکارە داگیرکارەکان و سەربازە داگیرکارەکانی ئەمریکا، چونکە هەموویان ئامانجی گرنگن بۆ چەکی بەرگری تاوەکو دوا سەربازی داگیرکار لە خاکی عێراق دەردەچێت."
نەسر شمەری، جێگری ئەمینداری گشتیی گرووپی نوجەبا کە هاوکات گوتەبێژی فەرمیی گرووپەکەیە، ئەمڕۆ شەممە 24-7-2021 لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند: "باسی گۆڕینی هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ راوێژکار تەنیا فێڵێکی بێ بەهایە و یەک واتای هەیە کە بریتییە لە چوونەدەرەوە لە دەرگە و هاتنە ژوورەوە لە پەنجەرەوە؛ ئەوە بە واتای زیادکردنی ژمارەی ئەو هێزانەیە بۆ چەند هێندە، چونکە هەر (راوێژکارێکی) ئەمریکی چەند سەربازی ئەمریکی لەگەڵدا دەبێت وەک یاریدەدەر، پاسەوان و پاڵپشتیی لۆجستی؛ بۆیە بوونی 50 راوێژکاری ئەمریکی رەنگە بە واتای بوونی 5 هەزار سەربازی ئەمریکی بێت لە خاکی عێراق، کە تەنیا ناونیشانیان دەگۆڕێت و ئەوەش بۆ ئێمە و ئەوان هیچ نییە."
گوتەبێژی گرووپی نوجەبا دەشڵێت: "بۆیە هەڵوێستی بەرگری بەرامبەر ئەو هێزانە نەگۆڕە و جیاکاری ناکات لەنێوان راوێژکارە داگیرکارەکان و سەربازە داگیرکارەکان، چونکە هەموویان ئامانجی گرنگن بۆ چەکی بەرگری تاوەکو دوایین سەربازی داگیرکار لە خاکی عێراق دەردەچێت، با کوڕی عاسیش بزانێت کەوا فێڵەکانی کۆن بوون و لەنێو چوون و بەسەر بەرگریکاراندا تێناپەڕن". نەسر شمەری نەیگوتووە "کوڕی عاس" کێیە و مەبەستی کێیە.
هەر سەبارەت بە داواکاری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق؛ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق کە یەکێکە لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی، دوێنێ 23-7-2021 لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند: "لێدوانی وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بەوەی هێزە ئەمنییەکان هێشتا پێویستیان بە یارمەتی هێزەکانی ئەمریکایە زۆر جێگەی داخە و ئێمە هەموو عێراقییەک کە شانازی بە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی دەکات، ئەو لێدوانە رەتیدەکەینەوە.. ئەو لێدوانە تەنیا یەک واتای هەیە کە بانگەشەکردنە بۆ ئەو بیانووانەی ئیدارەی ئەمریکا دەیانهێنێتەوە بۆ مانەوەی لە خاکی عێراق."
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە ئێستا لە ئەمریکایە بۆ سەرۆکایەتیکردنی شاندی دانوستاندنکاری عێراق لە گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژی لەنێوان عێراق و ئەمریکا، دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن رایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی رێکخراوی داعشی تیرۆریست رێکخراوێکی نێوخۆییە و لەنێو عێراقدا چالاکە، بەڵام لە هەمان کاتدا، رێکخراوێکی هەرێمی و نێودەوڵەتییە، هەروەها ئایدیۆلۆژیاکەی نێودەوڵەتییە؛ بۆیە پێویستمان بە کاری نێودەوڵەتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و ئایدیۆلۆژیاکەی."
ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە دووشەممەی داهاتوو 26-7-2021 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆببنەوە.
گرووپەکانی حەشدی شەعبی و لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران و بەرهەڵستکاری ئەمریکا لە عێراق داوا لە کازمی دەکەن لەم گەڕەی گفتوگۆدا راستەوخۆ داوا لە ئەمریکا بکات هەرچی زووە هێزەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە؛ بۆیە بە هەر ئاماژەیەک بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەڵوێستی بەرهەڵستکارانە دەنوێنن.
بەپێی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن؛ ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا ئێستا لە عێراق 2500 سەربازە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ