19 حیزب و هاوپەیمانی لە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کشاونەتەوە

25-07-2021
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووداو: هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووداو: هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت
نیشانەکردن پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کشانەوەی بە کۆمەڵی حیزب و لایەنەکان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەستیپێکردووەو خەریکە پرسی دواخستنی ئەو پرۆسەیە جیدی دەبێت.
 
تاوەکو ئێستا 19 حیزب و هاوپەیمانێتی بەفەرمی رایانگەیاندووە بەشداریی هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکەن، بیانوویان ئەوەیە هیچ ئاسۆیەک نابینن بۆ گۆڕانکاریی و تێپەڕاندنی دۆخی سەختی عێراق لەڕووی ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەوە. 
 
رائد فەهمی، سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق دەڵێت: "دەگەڕێینەوە بۆ هەمان سیستم، بەڵام بە دەموچاوی نوێوە، ئێمە بەوە رازی نین و دەڵێین وڵات ئیدی بەرگە ناگرێت ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر هەمان نەهج، ئەمە تەنیا بۆچونی ئێمە نییە وڵات بە قەیرانی قووڵدا تێدەپەڕێت و نرخی نەوت بەرەو نزمبوونەوەی زیاتر دەڕوات."
 
لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئامادەکارییەکان بەردەوامن و پێداگرن لەسەر ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە، حکومەتی عێراقیش دەڵێت هەڵبژاردن دواناخرێت و لەکاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت.
 
عەبدولحوسێن هینداوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمجۆرە دیدگایانە بەردەوام دەبێت تاوەکو کۆتاییەکان، بەڵام هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، ئەو کەسانەی دەڵێن هەڵبژاردن ناکرێت هەمووان بەشدار دەبن لە هەڵبژادن و بەربژێریشیان هەیە، بۆیە ئەمجۆرە بۆچونانە یان ئەو ترسانەی هەیە رێزلێگیراون، بەڵام واقیعی نییە."
 
تەشەنکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تێکچونی دۆخی ئەمنی و کشانەوەی هێزێکی گەورەی وەک موقتەدا سەدر، ترسی لەنێو لایەنەسیاسیەکان دروستکردوە هەڵبژاردن دوا بخرێت بۆیە ناچاربونە بەدوای پاشگەزبونەوەیدا بچن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهیچ جۆرێک دواخستنی هەڵبژاردن لەپلان و بەرنامەیاندا نییە. 
 
رەحیم عەبودی بەربژێری روتی حیکمە بۆ هەڵبژاردن دەڵێت: "پێداگریی زۆر هەیە لەلایەن کوتلە سیاسییەکانەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆنیش هەموو ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە ژمارەی بەربژێرەکانیشی دابەشکردووە هەروەها بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، هەموو شتێک ئامادەیە، هەروەها گوشاری دەرەکی هەیە دەڵێن ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەستەم نییە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگرنگییەوە لەو هەڵبژاردنە دەڕوانێت و هەوڵی پشتیوانی و دابینکردنی چاودێرەکانیان دەدەن بۆ ئەم هەڵبژاردنە."
 
بایکۆتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەنێو خەڵکیشدا پەرەی سەندووە و هیچ هیوایەک بۆ گۆڕینی دۆخیان لەو رێگەیەدا نابینن و کەمن ئەوانەی بڕیاری بەشداریکردنیان داوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.