رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کۆدەبێتەوە و پرسی هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان و دۆخى کارەبا لە وەرزى گەرما سەرەکیترین ئەو پرسانەن کە تاوتوێى دەکەن.
24ى حوزەیران، رەحیم عەبودى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەمشەو هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێک لەوانە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان و دۆخى کارەبا کۆدەبێتەوە."
بەهۆى هاتنى وەرزى هاوین و بەرزبوونەوەى پلەى گەرما، گوشار لەسەر تۆڕەکانى کارەبا زیادی کردووە، بەهۆیەوە کێشە بۆ کارەباى هەندێک لە پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق دروست بووە.
پرسێکى دیکە کە هێشتا بە هەڵپەسێردراوى ماوەتەوە، پۆستى سەرۆکى پەرلەمانە کە لە 14ـی تشرینى دووەمی 2023 ەوە چۆڵە، دواى ئەوەى دادگەى باڵاى فیدراڵى محەممەد حەلبووسی لە پۆستى سەرۆک و ئەندامێتى پەرلەمان دوورخستەوە و لەو کاتەوە موحسین مەندەلاوى بەکاتى ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات.
رەحیم عەبودى رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دوو بژارە تاوتوێ دەکرێت کە یان سوننەکان یەک بەربژێر پێشکێش بکەن و دەنگى لەسەر بدرێت، یان ئەگەر لەسەر یەک بەربژێر رێکنەکەوتن، پرسەکە لە دەنگدانی پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە.
تاوەکو ئێستا دووجار دەنگدان بۆ سەرۆکى پەرلەمان کراوە و هەردوو جارەکە لە گەڕى دووەمیدا گرژیی لێکەوتووەتەوە و راگیراوە، دواترینیان کۆبوونەوەى 19ى ئایارى 2024 بوو.
لە گەڕى یەکەمى دەنگدانى ئەو کۆبوونەوەیە، سالم عیساوی 158 دەنگى بەدەستهێنا، مەحموود مەشهەدانى 137 دەنگى بەدەستهێنا و عامر عەبدولجەبار، تەنیا سێ دەنگى بەدەستهێنا و 13 دەنگیش سپى بوون.
دەبوو بۆ گەڕى دووەمى دەنگدان لە نێوان سالم عیساوى و مەحموود مەشهەدانى بکرێت و کامیان زۆینەى دەنگى بەدەستهێنا ببێتە سەرۆکى پەرلەمان، بەڵام لەو گەڕى دەنگدانە ئاڵۆزى لە نێوان فراکسیۆنە سوننەکان دروست بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ