رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و حیزبوڵڵا و پشتیوانی ئەمریکا لە هێرشەکان. دەشڵێت: "وڵاتانی زلهێز و گەورە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن و ئەمریکا خۆڵ دەکاتە چاوەوە."
قەیس خەزعەلی، بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە کە سبەی سێشەممە یەکەم جەژنە لە عێراق بکرێت بە پشووی فەرمی، گوتارێکی ڤیدیۆیی پێشکێشکرد و باسی ژمارەیەک پرس و بابەتی سیاسی و ئایینی کرد.
خەزعەلی دەڵێت: "بەڕوونی دەیڵێن ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی ئەم قەوارە داگیرکارە، کە ئەگەر هێرشەکانی فراوان بکات و هێرشبکاتە سەر لوبنانی خۆشەویست و حیزبوڵڵای سەرخراو، ئەوا با ئەمریکا بزانێت هەموو بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە، بەتایبەت لە عێراق خستووەتە مەترسیی کردنە ئامانج، ئەو کات ئەو قەوارە داگیرکار و ئەو حکومەتە تووندڕۆ و ئەو رژێمە نازییە فریای ناکەوێت."
دەشڵێت :"زنجیرەی کوشتن و وێرانکردن و کۆچپێکردنی رۆژانە؛ بەردەوام لەبەر چاوی هەموو جیهانەوە بەردەوامە، بێئەوەی ئیرادەیەکی راستەقینە هەبێت لەلای ئەوانەی بە وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی گەورە دەناسرێن، ئەوانەی بانگەشەی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و جێبەجێکردنی یاساکانی جەنگ دەکەن، بێئەوەی هیچ هەنگاوێکی راستەقینەیان هەبێت، جگە لە پشتیوانیکردنی ئەو قەوارە داگیرکارە لەسەر تاوانەکانی."
خەزعەلی ئاماژە بەوە دەکات: "تێبینی دەکەین لەمدواییانەدا هەندێک دزەپێکردن هەیە کە پێمانوایە بە ئەنقەسەت دەکرێت، باسی ئەوە دەکەن قەوارەی داگیرکاری ئیسرائیل دەیەوێت هێرشەکانی فراوان بکات و هێرشبکاتە سەر لوبنانی خۆشەویست و حیزبوڵڵا، موجاهیدانی حیزبوڵا، ئەو زانیارییە دزەپێکراوانە دەڵێت، ئەگەر ئەو قەوارەیە هێرشەکانی فراوان بکات، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هێرشەکەی، ئەمە نیشانەی ئەو تەڵەکەبازییەیە کە ئەمریکا بانگەشەی دەکات و ئەوەی دەیڵێت هەمووی خۆڵ کردنە چاوە، وەکو چۆن دەیگوت ئەوان رازی نابن هێرشی فراوان بکرێتە سەر غەززە کە ئەمە کرا."
لەبارەی غەززە و دۆخی ئەو شارەوە کە زیاتر لە هەشت مانگ دەبێت بەهۆی رووداوەکانی دوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ەوە، شەڕی تێیدا بەردەوامە، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێت: "پشتیوان بەخودا ئەمە سەرەتای کۆتایی ئازار و نەهامەتییەکانی کەسوکارمانە لە غەززەی ستەملکێکراو و ماف پێشێلکراو، پشتیوان بەخودا دەبێتە کۆتایی ئەم قەوارە "زۆڵە"، قەوارەی زایۆنیی داگیرکار، ئەوەش لەلای خوا دوورنییە."
قەیس خەزعەلی باسی هەڵوێستی عێراقی لەسەر رووداوەکانی غەززە کرد و گوتی: "هەڵویستی عێراق لە رووداوەکانی غەززە و دەستدرێژییەکانی زایۆنی هەڵوێستێکی روون و بەرز و پێشکەوتووە، چی لەسەر ئاستی مەرجەعییەتی ئایینی، یان حکومەتی عێراق، یان گرووپەکانی مقاوەمەی عێراقی یان گەلی عێراق بێت."
باسی هەڵوێستی گرووپە چەکدارەکانیش دەکات و دەڵێت: "گرووپەکانی مقاوەی ئیسلامی خەمساردی لە هیچ هەوڵێک نەکردووە لەپێناو سەرخستنی دۆزی فەلەستین و پشتیوانیکردنی گەلی ستەمدیدەمان لە غەززە، سەرباری دووری و ئاڵۆزیی دۆخی سیاسی لە عێراق."
تایبەت بە جەژنی غەدیر، قەیس خەزعەلی، گوتی: "بۆنەیەکی پیرۆزە، ئەم جەژنە ناوی لە ئاسمان رۆژی بەڵێنی بەڵێندراو و لەسەر رۆژی بەڵێننامەی وەرگیراوە، ئەم جەژنە جەژنی گەورەترینی خودا و جەژنی ئالی موحەممەدە، ئەم جەژنە ئاینی پێتەواوکرا، پێمانوایە ئەمجارە چێژێکی تایبەتی هەیە، چونکە کرا بە جەژنی نیشتمانی لەسەر ئاستی دەوڵەتی عێراق."
بە گوتەی ئەو، هەندێک لایەن دەیانویست رێگری بکەن لەوەی رۆژی غەدیر بکرێت بە پشووی فەرمی و دەڵێت: "هەندێک لایەن و کەسایەتی هەوڵیاندا رێگری لە یاسای پشووە فەرمییەکان و دانانی رۆژی غەدیر بە پشوو بگرن، بە پاساوی ئەوەی زیان بە بەرژەوەندیی نیشتمانی و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت، لە هەوڵدا بۆ شێواندنی راستییەکان، هەموو ئەوانە بۆ هۆکاری تایفی کران، نەوەک رێگریکردن لە تایفەگەری، ئەمیری ئیمانداران هیچ کاتێک جێی ناکۆکی نەبووە لەنێوان موسوڵمانان."
باسی عومەری کوڕی خەتابیش دەکات کە بە گوتەی ئەو پشتیوانی لە ئیمامی عەلی کردووە کاتێک "لە شوێنی پەیامبەری ئیسلام کراوەتە رێبەری ئیمانداران" و دەڵێت: "غەدیر وەکو رووداوێکی مێژوویی لە رۆژی 18ـی مانگی زیلحیجەی ساڵی 10ـی کۆچی لە ناوچەیەک بەناوی غەدیرخوم روویداوە، لەو مێژوو و شوێنە و پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت دەستی ئیمامی عەلی گرت و بەرزیکردەوە و گوتی من رێبەری کێ بم عەلیش رێبەرییەتی، خوایە ئەو کەسە سەربخە کە سەریدەخات، دوژمنایەتی ئەو کەسە بکە کە دوژمنایەتی دەکات، ئەوەش سەرشۆڕ بکە کە شەرمەزاری دەکات، ئەم رووداوە و رووداوەکانی دواتریشی کاتێک عومەری کوڕی خەتاب چووە لای ئیمام عەلی و پێیگوت بووی بە رێبەری ئێمە و هەموو ئیمانداران، ئەمانە هیچی جێی ناکۆکی نییە، ئەو رووداوە بۆ دانانی عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب بە ئیمام ئەمەش جێی ناکۆکی نییە."
هەروەها سوپاسی بۆ هەندێک کەس و لایەن نارد و گوتی: "سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە هەوڵیاندا بۆ ئەوەی ئەم بابەتە و رۆژی غەدیر ببێتە پشووی فەرمی، سوپاس بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی نوێنەران هەموو ئەوانەیان دەنگیان پێدا، لایەنە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان ئەوانەی پشتیوانی پەسەندکردنی یاسای پشووە فەرمییەکان بوون."
گوتیشی :"بەڵام ئێمە بە روونی دەیڵێن، ئێمە باس لە جەژنی غەدیر دەکەین و باسی ویلایەتی ئەمیری ئەیمانداران دەکەین، ئەم ویلایەتەی کە زۆرێک ئەرێنێ و بەرەکەت و ئەنجامەکانی تێناگەن، دەیڵێین ئەوەی ئاڵای بەرگریکردن لە ستەمکارانی موسوڵمانان ئەوان هاوەڵانی خاوەنی ویلایەتن کە ئەمیری بڕوادارانە."
یاساى پشووە فەرمییەکان لە 22ى ئایار لە پەرلەمانی عێراق دەنگى لەسەر درا و 16 رۆژ لە عێراق کراونەتە پشووی سەرتاسەری، ئەوەش جگە لە 24 رۆژ پشووی نێو پێکهاتەکان، لەو یاسایەدا بۆ یەکەمجار لە عێراق غەدیری بە جەژنی فەرمی و گشتی ناساند. جەژنی غەدیر رۆژی 18ی مانگی زولحیجەی ساڵی کۆچییە، ئەم ساڵ دەکەوێتە 25ی حوزەیران.
جەژنی غەدیر، بە یەکێک لە گەورەترین جەژنەکان لەلای شیعەکان هەژمار دەکرێت؛ دەڵێن، لە رۆژی 18ی مانگی زیلحیجەی ساڵی 10ی کۆچی، پەیامبەری ئیسلام (د. خ) بە فەرمانی خودا عەلیی کوڕی ئەبوتاڵیبی بە جێنشینی خۆی و ئیمامی موسڵمانان داناوە، ئەو گوتارەشی لە شوێنێک بڵاوکردەوە بەناوی "غەدیرخەم" کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی مەککە و مەدینە؛ بەڵام سوننە مەزهەبەکان لەگەڵ ئەو تێڕوانین و شیکردنەوەیە نین. بۆیە ئەمە بووەتە بابەتێکی جێناکۆکی لەنێوان سوننە و شیعەکان، بەتایبەتی لە عێراقدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ