تەندروستیی ئەنبار بۆ رووداو: هیچ نەخۆشییەکی مەترسیدار لەنێو حاجییە گەڕاوەکان تۆمارنەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی سنووری عەرعەری نێوان عێراق - سعودیە، پشکنین بۆ حاجییە گەڕاوەکان دەکرێ. تەندروستیی ئەنبار دەڵێت: هیچ نەخۆشییەکی مەترسیدار تۆمارنەکراوە.
دەروازەی عەرعەر لە سنووری پارێزگای ئەنبار تاکە دەروازەی سنووریی نێوان عێراق و سعودیەیە. دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەو دەروازەیە بە رێگەی وشکانی بۆ حەج و عومرە دەچنە سعودیە. ئەم ساڵ زیاتر لە 18 هەزار کەس بۆ حەج لەم دەروازەیەوە چوونەتە حەج.
ئەنەس قەیس عانی، گوتەبێژی تەندروستیی ئەنبار، رۆژی دووشەممە، 24-06-2024، بە رووداوی گوت: لە دەروازەی عەرعەر پشکنینی تەندروستی بۆ حاجییە گەڕاوەکان دەکرێ. پشکنینەکان گوشاری خوێن، شەکرە و ئەنفلۆوەنزای وەرزیی تۆمارکراون.
گوتەبێژی تەندروستیی ئەنبار جەخت لەوە دەکاتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوو بە نەخۆشییەکی مەترسیدار تۆمار نەکراوە.
ئەم ساڵ زیاتر لە ملیۆنێک و 830 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهانەوە بەشداریی رێوڕەسمی حەجیان کرد، لەگەڵ 222 هەزار هاووڵاتی سعودیە.
لە عێراق نزیکەی 39 هەزارکەس بە فەرمی بۆ حەجکردن چوونە سعودیە، کە 4685یان لە هەرێمی کوردستان بوو، لەو ژمارەیە 3 هەزار و 225یان بە رێگەی ئاسمانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی وشکانی چووبوونە ئەو وڵاتە.