ڤێتێرنەریی زیقار بۆ رووداو: 18 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و سێیان گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی پارێزگای زیقار دەڵێت، سێیەم ساڵە لەسەر یەک، زۆرترین تووشبووی تای خوێنبەربوون لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق، لە پارێزگای زیقار تۆماردەکرێت.  
 
دکتۆر محەممەد عەزيز مەیاحی، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق، رۆژی دووشەممە 24-06-2024 بە رووداوی گوت "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە عێراق زیاتر لە 40 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و، 6ـیان گیانیان لەدەستداوە."
 
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری ئەو پارێزگایە دەڵێت: "ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 18 تووشبووی تای خوێنبەربوون لە زیقار تۆمارکراون و سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە. نیوەی تووشبووانیش لە قەزای شەترەی پارێزگاکەن." 
 
دوای زیقار، پارێزگای نەینەوا پلەی دووەمە بە شەش تووشبوو کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە؛ لە بابل چوار تووشبوو تۆمارکراون و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە؛ لە بەغدا شەش تووشبوو تۆمارکراون و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە. 
 
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە؛ ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن؛ بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراق نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە. 
 
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵدا دەبێت.