رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بۆ یەکەمجار نووسینگەیەکى تایبەت بە کاروبارى پەنابەرانى فەلەستین دەکاتەوە کە زیاتر لە 11 هەزار کەسن. گوتەبێژى وەزارەتەکە دەڵێت: "نووسینگەکە خزمەتگوزارى یاسایی و مرۆییان پێشکێش دەکات".
ئەو نووسینگەیە ئەمڕۆ دووشەممە، 24ى حوزەیران لەناو یانەى حەیفا لە بەغدا کرایەوە و سەر بە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانە.
عەلى جیهانگیر،گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "یەکەمجارە نووسینگەیەکى لەو جۆرە بۆ بەدواداچوونى دۆخى پەنابەرانى فەلەستین لە عێراق بکرێتەوە."
زۆرینەى فەلەستینییەکانى بەغدا لە کۆمەڵگەى بەرلەدیاتن کە یانەى حەیفا و نووسینگەکەى تێدایە کە زیاتر لە 4500 پەنابەر دەبن.
عەلى جیهانگیر رایگەیاند: کارى ئەو نووسینگەیە پێشکێشکردنى خزمەتگوزارى کارگێڕى یاسایی و مرۆییە بۆ پەنابەرە فەلەستینییەکان، ئەوە جگە لە دابینکردنى مووچەى چاودێریى کۆمەڵایەتى و بەشە خۆراکى مانگانە بۆ ئەوانەى کە دەیانگرێتەوە.
کۆچى فەلەستینییەکان بۆ عێراق لە ساڵى 1948 دەستیپێکردووە و زۆرینەیان لەبەغدا و بەشێکیان لە هەرێمى کوردستانن.
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند: تێکڕاى ژمارەى ئەو فەلەستینییەکان لە عێراق 11 هەزار کەسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ