رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیارى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق، ئەرکى سەرۆکى دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى مەدەنى بە بەنگین رێکانی، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن سپێردرا.
بەنگین رێکانى لە لێدوانێکدا بۆ رووداو راسپاردنى بۆ ئەو ئەرکە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە پشتڕاست کردەوە.
بە گوێرەى فەرمانێکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران کە رۆژی دووشەممە 24ى حوزەیران ئیحسان عەوادى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیران دەریکردووە، ئاماژەى بەوە داوە بە بڕیارى سەرۆکوەزیران بەنگین رێکانى، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان راسپێردراوە بۆ ئەرکى سەرۆکى دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى مەدەنى، سەرەڕاى پۆستەکەى وەک وەزیر.
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە ئەو بڕیارە لە رۆژى دەرچوونییەوە کارى پێدەکرێت.
پێشتر لە 10ى کانوونى دووەمى 2024، بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران، ئەمجەد جبووریى وەک سەرۆکى دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى مەدەنى عێراق دانرا، لەبرى عیماد عەبدولڕەزاق لە دواى ئەوەى داواى کرد لەو ئەرکە ببەخشرێت.
دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى عێراق دامەزراوەیەکى گشتیی تایبەتە بە گەشتە ئاسمانییەکان، لە 7ى شوبات بە بڕیارى ئەمیندارێتى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران، سەرجەم فڕۆکەخانەکان لەو دەسەڵاتەوە خرانە سەر وەزارەتى گواستنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ