پارتی سێ مەرجی سەرەکیی بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق هەیە


رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنەکانى پارتى و هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکان دەڵێن، پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانى عێراق رێککەوتنى بەراییان لەگەڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى کردووە.
 
رێککەوتنە بەراییەکە لەسەر بنەماى هاوبەشی، سازان و هاوسەنگییە، بەڵام دۆسییەکانی پارتى و سەروەریى سوننە جیاوازن. ئەوانەى پەیوەندیدارن بە کوردەوە کە لە رێککەوتنەکە باسی چارەسەرکردنیان کراوە، یەکەم: پەسندکردنى پڕۆژەیاساى نەوت و گازى عێراق، دووەم: ناردنى شایستەى دارایی هێزی پێشمەرگە و سێیەم: کاراکردنەوەى ماددەى 140ى دەستوور، سەرەکیترینیانن.
 
پارتى دیموکراتى کوردستان و هاوپەیمانیى سەروەری کە پێکەوە خاوەنى 95 کورسین، بەشێکن لە هاوپەیمانیى رزگارکردنى نیشتمان کە رەوتى سەدر تێیدا بەشدارە، هەرچەندە لە پرۆسەى سیاسی کشاوەتەوە. 
 
رزگارکردنى نیشتمانى رکابەرى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگییە کە زۆینەى لایەنە شیعەکان لەخۆ دەگرێت و لەدواى کشانەوەى سەدر ئەو هاوپەیمانێتییە دەبێتە گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى عێراق.
  
دوای کشانەوەى 73 پەرلەمانتارەکەى سەدر، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانى چوارچێوەى هاوئاهەنگییە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، کە زیاتر لە هەشت مانگە عێراقییەکان چاوەڕێی دەکەن.
 
نزیکەى دوو هەفتە ماوە بۆ دەستپێکردنى وەرزى دووەمى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق کە بڕیارە لە 9ى تەممووز دەست بە کۆبوونەوەکانى بکاتەوە.
 
هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار و پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق، دوو پرسی سەرەکى دەبن کە پەرلەمانتاران و لایەنە سیاسییەکان سەرقاڵ کردووە.